zagros news agency

باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی بەزووترین کات بەغداد جێبهێڵن

 

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەناو عێراقدان، دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن.

پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی رایگەیاند، گەشت بۆ عێراق مەکەن و دەستبەجێ خاكەکەی جێبهێڵن، باڵیۆزخانەکە هۆکاری ئەم بڕیارە کتوپڕەی بۆ زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان و هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەڕاندەوە، کە هاووڵاتیانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانی واشنتنیان لە سەرتاسەری عێراق کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو گرووپانە هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانیان تێدایە، هەروەها هۆشداری لە ئەگەری رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی دراوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە فەرمانی چۆڵکردن دەرچووە، بەڵام نێردە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کاری بەپەلە و هاوکاری هاووڵاتیانیان لە عێراق دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان داوە کە هیچ کەس سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا نەکات، بەهۆی مەترسی بەردەوامی موشەک و درۆن.

بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و نەبوونی گەشتی ئاسمانی بازرگانی، باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانی (ئوردن، کوەیت، سعوودیە و تورکیا) وڵاتەکە جێبهێڵن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەواوی خزمەتگوزارییە ئاساییەکان وەک پێدانی ڤیزا راگیراون و داوای لە هاووڵاتیانی کردووە:

1-  دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.
2-  دووربکەونەوە لە هەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک.
3-  خواردن، ئاو و دەرمانی پێویست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کۆبکەنەوە.
4-  پابەندی رێنماییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

توێژینەوەیەک پێنج خراپترین فڕۆکەخانەی ئەورووپا ئاشکرا دەکات

سەڵاح

کارگێڕیی نەوتکێشە دەستبەسەرداگیراوەکەی ئێران: هەموو کارمەندەکان تەندروستییان باشە

یاسین

ئیسرائیل ره‌تی كرده‌وه‌ له‌ پشت ته‌قینه‌وه‌ی په‌یجه‌ره‌كانه‌وه‌ بووبێت له‌ لوبنان

یاسین