zagros news agency

لەسەر داوای واشنتن؛ بڵاوکردنەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان لەسەر ئێران ڕاگیرا

لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە کە زیاتر لە ٥ هەفتەیە درێژەی هەیە، کۆمپانیای “Planet Labs”ـی تایبەت بە وێنەگرتنی بۆشایی ئاسمان ڕایگەیاند؛ لەسەر داوای حکوومەتی ئەمریکا، تا کاتێکی نادیار بڵاوکردنەوەی وێنەکانی پەیوەست بە ئێران و ناوچەکانی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕادەگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “ڕۆیتەرز”، کۆمپانیاکە کە بنکەی سەرەکیی لە کالیفۆرنیایە، لە ڕێگەی ئیمەیڵێکەوە کڕیارەکانی ئاگادار کردووەتەوە حکوومەتی ئەمریکا داوای لە هەموو دابینکەرانی وێنەی مانگە دەستکردەکان کردووە بڵاوکردنەوەی وێنەی ناوچەکانی شەڕ تا کاتێکی نادیار ڕابگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی پاش ٩ـی مارس ڕادەگیرێن و پێشبینی دەکرێت ئەم سیاسەتە تا کۆتاییهاتنی جەنگی ئێستا بەردەوام بێت. بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە، بڵاوکردنەوەی هەر وێنەیەک پێویستیی بە هەڵسەنگاندنی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تەنها لە کاتی پێویستیی خێرا و بەرژەوەندیی گشتیدا بەکاربهێنرێت.
لە بەرانبەردا، کۆمپانیای “Phanthor” (کە پێشتر بە Maxar ناسرابوو) و لە بواری وێنەی بازرگانیدا کار دەکات، ڕایگەیاندووە تا ئێستا ئەمریکا پەیوەندیی پێوە نەکردوون، بەڵام گوتەبێژی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لە کاتی قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکاندا کۆنترۆڵی توند بخەنە سەر وێنەکان، و ئێستاش ئەم کۆنترۆڵانە بۆ بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبەجێ دەکەن کە تایبەتە بەو ناوچانەی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێیدا چالاکن یان دەکرێنە ئامانجی دوژمن.
تا ئێستا کۆمپانیای “BlackSky” کە ئەویش وێنە بۆ مەبەستی بازرگانی دابین دەکات، هیچ لێدوانێکی نەداوە. پێشتر “Planet Labs” ڕایگەیاندبوو کە وێنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دواکەوتنی ١٤ ڕۆژ بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دوژمنان بکات لە بەکارهێنانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئامانج لەم وێنانە زیاتر بۆ مەبەستی سەربازی، ناسینەوەی ئامانجەکان، ڕێنماییکردنی چەک و چاودێریکردنی مووشەکەکانە، و ئەگەر بکەونە دەست ئێران دەکرێت مەترسی دروست بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق پشتیوانیی لە دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ ئاگربەست لە غەززە دەکات

یاسین

ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر بەلەمە گومانلێکراوەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان

سەڵاح

بولەنت ئارینج: ئیسرائیل تا سنوورەكانی توركیا دێت و هێڵێك دەكێشێت

سەڵاح