zagros news agency

هەڵبژاردنی پێشوەختە، توركیا دەكاتە دوو بەش

 

بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەیە، داوا دەكەن توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و حكوومەتێكی كاتی دروست ببێت و رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن.

لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، زیاتر لە ٢٠ سەرۆك شارەوانی سەر بە جەهەپە لە توركیا، شارەوانییەكانیان قەیووم كراوە و بەشێكیشیان دەستگیر كراون، بۆیە ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، داوا دەكات بەپەلە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكرێت.

مێژووی توركیا پڕییەتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لەوەتەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات لە ٢٠٠٢، تەنیا یەك جار توركیا چووەتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەویش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ بوو، كاتێك ئاكەپە زۆرینەی لەدەست دا و نەیتوانی بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ئاكەپە توانی ٣١٦ كورسی بەدەست بهێنێت و بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەكوو وەڵامێك بۆ داواكەی جەهەپە، رەتی كردەوە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

ئەردۆغان گوتی: ”دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم، نە میللەت و نە حكوومەتیش لە ماوەیەی كەمدا وڵات نابەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەبێت هەموو كەس ئەوە بزانێت.”

هەوڵی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانیی بۆ ئەوەیە، بتوانن لەناو پەرلەمانی توركیا بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار دەستوور هەموار بكەنەوە، تا رەجەب تەییب ئەردۆغان، بتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە بۆ هەڵبژادنی سەرۆكایەتی، چونكە بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەركەسێك بۆی هەیە دوو خول ببێتە سەركۆماری توركیا و لەوە زیاتر رێگەی پێنادرێت.

بەگوێرەی بەشێكی زۆری دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەگەر زۆرە ئەردۆغان بیدۆڕێنێت، بەو مەرجەی بەربژێری جەهەپە، كەسێكی خۆشەویست و قبووڵكراو بێت لای جەماوەری جەهەپە و كورد.

دوای ئەوەی ئەكرەم ئیملمئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، كە لە هەمان كاتدا بەربژێری جەهەپە بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ناوی مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا دێت بۆ بەربژێربوون، كە جەماوەرێكی زۆری لەناو توێژی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەیە. تاكە كێشەی یاڤاش دەنگدەری كوردە، چونكە كورد ئەو كەسایەتییەی قبووڵ نییە و وەكوو نەژادپەرستێك دەیبینن.

هەواڵی پەیوەندیدار

90 هەزار حەبی کاپتاگۆن لە لادێکانی دیمەشق دەستی بەسەردا گیرا

دڵشاد

ترەمپ: ئەگەر ئێران دەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکاتەوە، دووبارە هێرشی دەکەینەوە سەر

سەڵاح

هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆكی ئۆكراینا درا

سەڵاح