zagros news agency

بەقایی: تاران سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئەمریکا بڕیاری نەداوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان بەردەوامە.
بەقایی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە ڕۆژی یەکشەممەوە پاش کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد، ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی بەردەوام بووە. ناوبراو زیاتریشی گوت: لەوانەیە شاندێکی پاکستانی ڕۆژی چوارشەممە (ئەمڕۆ) سەردانی تاران بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە دیدارەکانی ڕۆژی شەممە لە ئیسلام‌ئاباد گوتی: دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی بە شێوەی “سێقۆڵی” بەڕێوە چوو. ناوبراو جەختی کردەوە: تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە “گشتییات” بەدەست نەهاتووە و تا ئەو کاتەی لەسەر چوارچێوەیەک ڕێک نەکەون، تاران کار بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی “وردەکارییەکان” ناکات.
چوارشەممەی ڕابردوو بە کاتی ئێران، پاکستان هەواڵی ئاگربەستی دوو هەفتەیی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند. سێ ڕۆژ دواتر دانوستانێک لە ئیسلام‌ئاباد بەڕێوە چوو، زیاتر لە ٢٠ کاتژمێری خایاند، بەڵام هیچ ئەنجامێکی بنیاتنەری نەبوو. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران، گرووپە بریکارەکانی تاران لە ناوچەکە و بەرنامە مووشەکییەکەی ئەم وڵاتە بەشێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێو ئەم دانوستانە بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم بارەیەوە بە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی ئاشکرای بەرپرسانی دیکەی ئێران گوتی: ئەم وڵاتە لە “مافە ناوەکییەکانی” خۆی پاشەکشە ناکات و تەنیا ئامادەیە سەبارەت بە “ئاست و جۆر”ی پیتاندنی یۆرانیۆم گفتوگۆ بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکاییەکان، بەرپرسانی ئەمریکایی لە میانەی دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباددا پێشنیازی هەڵپەساردنی ٢٠ ساڵەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان لە ئێران خستبووە ڕوو. پێشنیازێک ئێران دژایەتیی کرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش ئەمڕۆ گوتی: دژایەتیی هەڵپەساردنی ٢٠ ساڵەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات.
بەقایی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا گوتی: بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە دۆسیەی ناوەکیدا تاوەکوو ئێستا “بە قۆناغی بڕیاردان” سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشتوون. ناوبراو لە درێژەدا ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە “قسەی دژبەیەک” تۆمەتبار کرد. هەنگاوێک بە گوتەی بەقایی، بیانووی هێرشکردنی بە لایەنی بەرانبەری ئێران دا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئاڵوگۆڕی زیندانییانی لەگەڵ فەرەنسا پشتڕاست کردەوە. بەقایی گوتی: مەهدییە ئەسفەندیاری، هاووڵاتیی ئێرانیی زیندانیکراو لە فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە ئێران. لە بەرانبەردا، سێسیل کۆهلەر و ژاک پاریس، دوو هاووڵاتیی فەرەنسایی ئەم هەفتەیە لە ئێران چوونە دەرەوە و گەیشتنە فەرەنسا.
کۆهلەر و پاریس نزیکەی چوار ساڵ لە ئێران زیندانی بوون. ئەو تۆمەتانەی پاڵیان درایە پاڵ، هاوشێوەی زیندانییانی دیکەی دووڕەگەزنامە یان بیانی، پەیوەندیی بە “سیخوڕی”یەوە هەبوو. تۆمەتێک دەستبەسەرکراوەکان ڕەتیان کردووەتەوە.
مەهدییە ئەسفەندیاریش ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی هاندانی ڕاستەوخۆی ئۆنلاین بۆ کردەوەی تیرۆریستی و بەشداریکردن لە “گرووپێکی تاوانکارانە”دا، بە چوار ساڵ زیندانیکردن (سێ ساڵ هەڵپەسێردراو و یەک ساڵ یەکلاکەرەوە) سزادرابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

دابەزینی بەهای ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکات له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر ئێران

سەڵاح

ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە ڕێگەی ئوردنەوە سووریا بەجێ بهێڵن

یاسین

سبه‌ی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت

سەڵاح