zagros news agency

سێنتکۆم: بەندەرەکانی ئێرانمان بەتەواوی گەمارۆ داوە

“فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا” (سێنتکۆم) ڕایگەیاند: ئەمریکا بەندەرەکانی ئێرانی بەتەواوی گەمارۆ داوە و بازرگانیی دەریایی ئێران وەستاوە.
“سێنتکۆم” بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند: لەسەدا ٩٠ی ئابووریی ئێران بە بازرگانیی دەریاییەوە بەستراوەتەوە و ئەمریکاش ڕایگرتووە.
ئەم دامەزراوەیە پێشتر وێنەیەکی کەشتیی جەنگیی “یو ئێس ئێس تریپۆلی” بڵاو کردبووەوە لە دەریای عەرەبدا جێگیرە و نیشانی دەدات: فڕۆکەیەکی شەڕکەری نەبینراوی “ئێف-٣٥ بی” لەم کەشتییەوە ئامادەی فڕینە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم، ئەم کەشتییە بە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ دەریاوان و سەربازی دەریاییەوە، ئەرکی چاودێریکردنی کەشتییە هاتوو و چوووەکانی بەندەرەکانی ئێرانی لە ئەستۆدایە. ئەم فەرماندەییە جەختی کردەوە: ئەم هەنگاوە بۆ کەشتییەکانی سەرجەم وڵاتان بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت.
سێنتکۆم پێشتر ڕایگەیاندبوو: زیاتر لە ١٠ هەزار هێزی سەربازی، لەگەڵ زیاتر لە ١٢ کەشتیی جەنگی و دەیان فڕۆکە، لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دەریایی لە دەوروبەری بەندەرەکانی ئێراندا بەشدارن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم دامەزراوەیە، لە ماوەی شەو و ڕۆژی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، هیچ کەشتییەک بەم ناوچەیەدا تێپەڕ نەبوو و شەش کەشتیی بازرگانیش بە فەرمانی هێزە ئەمریکاییەکان ئاراستەی خۆیان گۆڕی و بۆ یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عومان گەڕانەوە.
سێنتکۆم جەختی کردەوە: هێزە ئەمریکاییەکان پشتیوانی لە ئازادیی کارکردنی ئەو کەشتییانە دەکەن لە گەرووی هورمزەوە بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان تێپەڕ دەبن.
هاوکات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند: زۆرترین گوشاری ئابووری دژی حکوومەتی ئێران بەردەوام دەبێت و ئەو دامەزراوە داراییانەی پشتیوانی لە تاران دەکەن، سزا دەدرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، گوتوویەتی: لەوانەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا پێشهاتی نوێ لە پایتەختی پاکستان ڕوو بدات. ناوبراو هەروەها گوتی: دژی پێشنیازی هەڵپەساردنی ٢٠ ساڵەی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ئێران. پێشنیازێک شاندی ئەمریکایی بە لایەنی ئێرانیی پێشکەش کردبوو.
پاکستان وەک نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتۆن، ڕایگەیاندووە: لەسەر هەوڵەکانی بۆ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکان و پاراستنی ئاگربەستی کاتی بەردەوام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی ئیسلامیی عێراقی دەکات

سەڵاح

ئاسایشی عێراق ڕزگارکردنی دوو ڕفێندراوی لە ئێران ڕاگەیاند

یاسین

شاندی دەم پارتی سەردانی دەوڵەت باخچەلی کرد

یاسین