دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەست پێ دەکات.
ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی وتووێژی زۆر باشی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان و بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبووە.
بە گوتەی ترەمپ، ئەم دوو سەرکردەیە ڕێککەوتوون لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان وڵاتەکانیاندا، بە فەرمی لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە دەست پێ بکەن.
ترەمپ گوتیشی بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتییەکی پایەدار، فەرمانی بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆمار و مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوە و دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا داوە هاوکاریی ئیسرائیل و لوبنان بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان پشتڕاستی کردەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٦ی نیسان) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی لوبنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی عەون سوپاسی ترەمپی کردووە بۆ هەوڵەکانی لە پێناو گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان و دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی پایەدار.
ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە خوازیاری دامەزراندنی ئاگربەستە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە زووترین کاتدا. لە وەڵامیشدا ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی جۆزێف عەون و حکوومەتی لوبنان دەربڕیوە.
هەواڵی وتووێژی تەلەفۆنیی نێوان سەرکردەکانی لوبنان و ئەمریکا دوای ئەوە بڵاو دەبێتەوە سەرچاوە فەرمییە لوبنانییەکان دەڵێن لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لە نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبناندا ئەنجام نادرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا ڕایگەیاندبوو سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە پێکەوە قسە دەکەن.

