zagros news agency

زیانەكانی توركیا بەهۆی شەڕەوە گەیشتە ٣٠ ملیار دۆلار

 

داخستنی گەرووی هورمز، كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی جیهان دروست كردووە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و ئەو هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیانی ملیارات دۆلاری پێگەیشتووە.

لە مانگی سێی ٢٠٢٦دا، بەرهەمی توركیا كە بۆ دەرەوەی وڵات نێردراوە زۆر كەمی كردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێك لە مێژووی ئەو وڵاتە بوونی نەبووە. بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، بەرهەمی توركیا ناگاتە هیچ وڵاتێك، بەتایبەت بەرهەمی كشتوكاڵی و كەلوپەلی ناوماڵ و زۆری تریش، ئەمەش وای كردووە ئابووریی ئەو وڵاتە دووچاری چەقبوستوویی ببێتەوە.

بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەكە دروست بووە، نرخی بەرمیلێك نەوت نزیك بووەتەوە لە ١٠٠ دۆلار، ئەمەش قەیرانی وزەی دروست كردووە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، چونكە ناتوانێت بەرهەمەكانی بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان.

وەزارەتی بازرگانی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٨ی مانگی ٢دا، ئەوكاتەی شەڕ دەستیپێكرد، بەرهەمی توركیا بۆ دەرەوە ٦.٤٪ كەمی كرد و گەیشتە ٢١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام بەرهەمی هاوردە بۆ توركیا زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٣٣ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (DW)ی توركی، لە مانگی یەكەمی شەڕدا، كورتهێنانی بازرگانیی دەرەكی توركیا ١١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. بەڵام ساڵی پار و لە هەمان مانگدا توركیا بەڕێژەی ٥٦ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بەرهەمی بۆ ئەورووپا و وڵاتانی تر ناردووە.

لە ماوەی سێ مانگدا، كورتهێنانی بازرگانیی دەرەكی توركیا گەیشتووەتە ٣٠ ملیار دۆلاری ئەمەریكی و ئەگەر رەوشەكەش هەروا بەردەوام بێت، تا كۆتایی ساڵ كورتهێنان لەو كەرتەدا بۆ ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریكی بەرز دەبێتەوە.

هەریەك لە وڵاتانی كەنداویش دووچاری كورتهێنانێكی گەورە بوونەتەوە بەهۆی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ نموونە قەتەر ٨٠٪ی بازرگانیی دەرەكی كەمی كردووە، بەحرێنیش بەهەمان شێوە و كوێتیش ٧٠٪ و عومان ٦٠٪ و عێڕاقیش ٣٠٪، بەڵام توركیا بەشێوەیەكی گشتی بازرگانیی دەرەكی ٤٠٪ كەمی كردووە.

حكوومەتی توركیا، لە ٢٠٢٥دا بەبڕی ٢٧٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتان ناردووە، بەرنامەشی هەبووە لە ٢٠٢٦دا، ئەو رێژەیە بۆ ٢٨٢ ملیار بەرز بكاتەوە، بەڵام شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بەرنامەكەی توركیای لەبار برد و ترسی گەورەش هەیە، ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، توركیا دووچاری قەیرانێكی زۆر گەورەی ئابووریی ببێتەوە.

لە ٢٠٢٥دا، توركیا زۆرترین بەرهەمی لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئەڵمانیا ناردووە، بەڕێژەی ١٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، بەدوای ئەویشدا بەریتانیا دێت كە ١٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حوراس ئەلدین لە سوریا زیادی کردووە

سەڵاح

نەتانیاهو: بۆ په‌سه‌ندكردنی پلانی هێرشکردنە سەر رەفەح له‌گه‌ڵ كابینه‌كه‌ی كۆده‌بێته‌وه‌

سەڵاح

ترەمپ: ئەوەندە گێل نیم وڵامی پرسیاری سەبارەت بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بدەمەوە

سەڵاح