zagros news agency

ئەمریکا: بۆ پاراستنی کەشتییەکان کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە

ئەمڕۆ سێشەممە، 5-5-2026، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ زیادبوونی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا پەردەی لەسەر هەنگاوێکی نوێی سەربازی بە ناوی “پڕۆژەی ئازادی” لادا و ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی کەشتییگەل و کۆپتەرە جەنگییەکانەوە باڵادەستیی خۆیان بەسەر ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا سەپاندووە و لە ئێستاشدا ڕێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکانی ئێران نادەن.
هێگسێت تیشکی خستە سەر هۆکاری ئەم بڕیارە و ئاشکرای کرد، تاران بەردەوامە لە هەراسانکردنی هاتوچۆی دەریایی و گوتی: “ئێران نەک تەنیا تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات، بەڵکو دەیەوێت بە زەبری هێز سەرانە و باجی نایاساییان بەسەردا بسەپێنێت.”
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن ئارەزووی شەڕ و پێکدادان ناکات، بەڵام بێدەنگیش نابێت بەرامبەر بە رێگریکردن لەو وڵاتە بێتاوانانەی بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێپەڕ دەبن، بۆیە ئامادەن هێز بۆ پاراستنیان بەکاربهێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری دا کە “پڕۆژەی ئازادی” بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز تەنیا رێوشوێنێکی کاتییە. لەم سۆنگەیەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستیان هەبێت و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانی، تاوەکو بە یەکجاری ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە دەستەبەر بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە مێردین هەموو جۆرە چالاکییەکی کۆمەڵگەی مەدەنی قەدەغەکران

سەڵاح

جەنگی ئینتەر و بایرن لە میلانۆ دەبێت

یاسین

بەڕازیل تۆڕی ئێکس قەدەغە دەکات

یاسین