zagros news agency

قازانجی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە هەڵکشاندایە

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئارامکۆ، جیهان لە دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانییەوە، لە نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوت بێبەش بووە.
کۆمپانیای نەوتی عەرەبستانی سعوودیایی (ئارامکۆ)، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئایار ڕایگەیاند قازانجی پوختی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا بەرانبەر بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، ٢٥.٥ لەسەد زیادی کردووە.
ئارامکۆ گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانە؛ لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی بۆرسەی عەرەبستانی سعوودیاییدا بڵاوی کردەوە ئەم زیادبوونی داهاتە بە پلەی یەکەم بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و قەبارەی فرۆشی بەرهەمە پاڵاواتە و کیمیایییەکان، هەروەها زیادبوونی قەبارەی فرۆشی نەوتی خاو و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بووە، ئەمانەش لە ئەنجامی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە.
نرخی نەوت لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە نزیکەی ٦٠ دۆلار لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە مانگی ئازاردا بەرز بووەوە. داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانییەوە قەیرانێکی جیهانیی وزەی دروست کرد و ئێستا بازاڕەکانی جیهان لەبارەی چارەنووسی شەڕی ئەمریکایی و ئیسرائیلی دژی ئێرانی نادیارن.
ئەمریکایییەکان هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئێرانی بۆ داواکارییەکی یەک لاپەڕەییی واشینگتن لەبارەی ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئارامکۆ، قازانجی پوختی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١٢٠.١٣ ملیار ڕیاڵی سعوودیایی (نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلار). ئەم ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٩٥.٦٨ ملیار ڕیاڵ (٢٥.٥١ ملیار دۆلار) بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئارامکۆ گوتی جیهان لە دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانییەوە لە نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوت بێبەش بووە. ئامین ناسر لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “ئامانجمان سادەیە: پاراستنی ڕەوتی وزە، تەنانەت کاتێک سیستەمەکە لەژێر گوشاردایە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری وزەی توركیا ئامادەیی بۆڕیی نەوتی كوردستانی لە دیوی توركیا راگەیاند

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

یاسین

خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک بڵاوکرایەوە

یاسین