بڕیارە هانسی فلیک، ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە یاری کلاسیکۆی ئەمشەودا بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی مردنی باوکی ڕاگەیەندرا.
یارییەکە لە یاریگای “نۆ کامپ” بەڕێوەدەچێت و پێش دەستپێکردنی یارییەکە لە کاتژمێر (٢٢:٠٠ بە کاتی هەولێر)، بۆ ڕێزگرتن لە باوکی فلیک یەک خولەک بێدەنگی ڕادەگەیەنرێت و یاریزانانیش قۆڵبەستی ڕەش دەبەستن.
یانەی بارسێلۆنا لە پەیامێکی فەرمیدا هاوخەمی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند:
“یانەی بارسێلۆنا و تەواوی خێزانی بلاوگرانا دەخوازن هەموو خۆشەویستی خۆیان بۆ هانسی فلیک بنێرن دوای کۆچی دوایی باوکی. ئێمە هاوبەشی خەمەکانتین و نزا و بیرکردنەوەمان لای تۆ و خێزانەکەتە لەم کاتە سەختەدا.”
فلیکی تەمەن ٦١ ساڵ، کە لە ئایاری ٢٠٢٤ەوە جێگەی چاڤی گرتەوە، تا ئێستا ٤ ناسناوی بۆ بارسا بەدەستهێناوە. ئەو دەتوانێت بە بردنەوە یان یەکسانبوون لە یارییەکەی ئەمشەودا، دووەم ناسناوی لەسەریەکی لالیگا بۆ یانە کەتەلۆنییەکە مسۆگەر بکات
.
لای خۆشیانەوە، یانەی ڕیاڵ مەدرید لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ ڕکابەرەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند:
“یانەی ڕیاڵ مەدرید و سەرۆک و دەستەی کارگێڕی، بە داخی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی باوکی هانسی فلیکیان پێگەیشت. سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خێزان و ئازیزانیان دەردەبڕین. با ڕۆحی شاد بێت.”

