وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە سێ ئۆتۆمبێلیان لە جادەی سەرەکیی باشووری بەیروت کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت کەس، لەوانە ژنێک و دوو منداڵی، گیانیان لەدەست دا.
سوپای ئیسرائیل وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکان، بانگەشەی ئەوەی کرد ژێرخانەکانی حزبوڵای لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان پێکاوە. ئەم هێرشانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردن بۆ دانیشتووانی شەش گوندی باشووری ئەنجام دران.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لوبنان و ئیسرائیل خولێکی نوێی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە واشنتن ئەنجام بدەن. حکوومەتەکەی ترەمپ هەوڵ دەدات لە نێوان ئەم دوو دراوسێیەدا کە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە لە دۆخی جەنگدان، کرانەوەیەک دروست بکات. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان، دوو هێرشی درۆنەکان لە شاڕێی بەیروتی بۆ شاری سەیدا و هێرشی سێیەم لە نزیک شارۆچکەی سەعدیات ڕوویان داوە. هەروەها میدیا دەوڵەتییەکان باسیان لە هێرشی چوارەم بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە دەروازەی باکووری سەیدا کردووە.
وێنەگری ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس تەرمی سێ قوربانیی لە نزیک شارۆچکە کەنارییەکانی “بەڕجا” و “جیە” بینیوە. هاوکات ڕاپۆرتەکان باسیان ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان لە بەرانبەردا هێرشی مووشەکیی حزبوڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕی تەقە لە کاتێکدا بەردەوامە کە لە ١٧ی نیسانەوە ئاگربەستێک بە نێوبژیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە.
خولی نوێی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە ٢ی ئازار و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کرد. ڕاکان ناسرەدین وەزیری تەندروستیی لوبنان ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لە کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە تا ئێستا ٣٨٠ کەس کوژراون و ١١٢٢ کەسیش بریندار بوون. بەمەش ژمارەی گشتیی قوربانییان لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتە ٢٨٨٢ کوژراو و ٨٧٨٦ بریندار.

