سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترامپ ئاگاداری دا بە تایوان هەنگاوێک بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەنێن، دوای ئەوەی لە ماوەی سەردانێکی دوو ڕۆژە بۆ بەکین لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جینپینگ، کۆبووەوە. ئەو سەردانە بە هۆشدارییەکانی شی دەربارەی مەترسیی “پێکدادان” لەنێوان هەردوو وڵاتە گەورەکەدا خەسڵەتدار بوو.
ترامپ دوای جێهێشتنی چین ڕایگەیاند کە “ڕێککەوتنی بازرگانیی گرنگ” لەگەڵ شی بەدەستهێناوە، و ئاماژەی کرد کە سەرۆکی چین ئامادەیی نیشانداوە بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی تەنگەی هورمز.
بەپێی بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ تۆڕی “فوکس نیوز” کە پێش جێهێشتنی بەکین تۆمار کرابوو، ترامپ وتی: “نامەوێت هیچ لایەنێک سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت”، و زیادیکرد “نامەوێت کەسێک بڵێت: +با سەربەخۆیی ڕابگەیەنین چونکە ئەمریکا پشتگیریمان دەکات+”.
ئەو هەروەها ئاماژەی دا کە هێشتا بڕیارێکی کۆتایی لەسەر فرۆشتنی چەک بۆ تایوان نەداوە.
ترامپ وتیشی: “دەمەوێت تایوان ئارامی بپارێزێت، هەروەها دەمەوێت چینیش ئاڵۆزی کەم بکاتەوە”.
لە لایەکی ترەوە، شی جینپینگ لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پرسی تایوان “گرنگترین بابەت”ە لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکادا، و ئاگاداری دا کە هەڵە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە دەکرێت ببێتە هۆی “پێکدادان یان تەنانەت ملمێلانێکی ڕاستەوخۆ” لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
شی وتی: “ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا دەتوانن بە جێگیری بمێننەوە. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی هەڵە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوا هەردوو وڵات دەتوانن بچنە ناو پێکدادان”.
چین تایوان بە هەرێمێکی سەر بە خۆی دەزانێت کە لە دوای کۆتایی شەڕی ناوخۆیی چین ساڵی 1949 هێشتا نەخراوەتە ژێر دەسەڵاتی بەکین. چین بانگەشەی چارەسەری ئاشتییانە دەکات، بەڵام هەروەها مافی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکگرتنەوەی تایوان بە “بابەتێکی حەتمی و ناگۆڕ” دەزانێت.
کارناسان دەڵێن ئەو وتانەی دوو لایەنەکە دەربارەی تایوان، گرنگترین بەشی سەردانی ترامپ بۆ چین بووە.
جەیکۆب ستۆکس، شارەزای “ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا”، وتی: “ترامپ ئەو وێنانەی بەدەستهێنا کە دەیویست، و چینییەکانیش دڵخۆش بوون بە دابینکردنیان. بە بڕوای من، مەبەست زیاتر لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بوو نەک گەیشتن بە ئەنجامی دیاریکراو”.
لە هەمان کاتدا، میدیای فەرمی چین بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە شی جینپینگ لە پاییزدا سەردانی واشنتن دەکات، سەردانێک کە بە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
بۆنی گلاسر، لە “سندووقی مارشاڵی ئەڵمانیا”، پێیوایە چین هەوڵ دەدات فشارێکی زۆر بخاتە سەر ترامپ بۆ ئەوەی تا ئەو کاتە هیچ بڕیارێک لەسەر فرۆشتنی چەک بۆ تایوان نەدات.

