zagros news agency

گروپی حەوت پشتیوانیی ئۆکرانیا دەکات و سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر دەکاتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە کۆمەڵەی حەوت بە نیازن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، گوشارەکانی سەر ڕووسیا چڕتر بکەنەوە. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەم هەنگاوەی بە “ڕۆژی ئومێد” بۆ ئۆکرانیا ناوزەد کرد.
لە بەیاننامەی سەرۆکی وڵاتان و حکوومەتە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی حەوت لە ئەڤیانی فەڕەنسا هاتووە، سزاکان بە تایبەت لە کەرتی نەوت و گازدا توندتر دەکرێنەوە. هەروەها ڕێککەوتن کراوە ناردنی چەکی دوورهاوێژ و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا پەرە پێ بدرێت.
بە گوتەی کۆمەڵەی حەوت، ئامانج لە زیادکردنی پشتیوانییەکان بەهێزکردنی ئەو پۆتانسێلە نوێیەیە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا لە بەرەکانی جەنگدا دروست بووە. جگە لەمە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە “کاتێکی گونجاو” دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کراوە.
وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بەڵێنیان داوە بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستان پشتیوانیی زیاتری ئۆکرانیا بکەن و ئەگەری پێدانی مۆڵەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی سەربازی لە ناوخۆی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، ئەم کۆبوونەوەیەی وەک “ساتەوەختی بەخەبەرهاتنەوەی ستراتیژی” وەسف کرد. ئەو لە هەژماری ئینستاگرامەکەیدا جەختی کردەوە ئەمریکا، کەنەدا، ژاپۆن و وڵاتانی ئەورووپا پێکەوە بڕیاریان داوە لە تەنیشت ئۆکرانیا بوەستن.
پێش بڵاوبوونەوەی فەرمیی بەیاننامەکە، فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە گفتوگۆکانی تایبەت بە جەنگی ئۆکرانیا ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی. مێرتس سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، گوتی: “ئەو زۆر خوازیاری هاوکارییە”. بەو هۆیەوە، ئەو گەشبینە ئەورووپی و ئەمریکییەکان پێکەوە هەموو هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەگرنە بەر.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی: «لەوانەیە بۆ یەکەم جار دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی ڕەخسابێت.»
لە کۆبوونەوەکەی فەڕەنسادا سەرکردەکانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا ئامادە بوون. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، وەک میوان بەشداریی تێدا کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا دووبارە زیادیان کردووە. لە هێرشەکانی شەودا بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کوژراوێک و چەندین بریندار هەن.
بە گوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئۆکرانیا، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری زاپۆریژیا لانی کەم کەسێک کوژراوە و حەوت کەسیش بریندار بوون. ئاژانسی هەواڵی “کیێڤ ئیندیپێندێنت” بڵاوی کردەوە بەیانیی چوارشەممە ١٧ی حوزەیران، بەهۆی هەبوونی درۆنی ڕووسیا لە ئاسمانی ناوچەکەدا، هۆشداریی هێرشی زیاتر بە دانیشتووان دراوە.
ئیڤان فێدۆرۆڤ، پارێزگاری سەربازیی ناوچەکە، گوتی زۆربەی زیانەکان بەر ژێرخانە مەدەنییەکان کەوتوون و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونیش ئاگری گرتووە. پۆلیس ڕایگەیاند ئەو کەسەی کوژراوە پیاوێک بووە ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن درۆنێکی ڕووسیاوە کراوەتە ئامانج.
زاپۆریژیا گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپای تێدایە کە ساڵی ٢٠٢٢ ڕووسیا دەستی بەسەردا گرت. وادیارە لەم هێرشە نوێیەدا زیان بەر وێستگەکە نەکەوتووە.
ئۆکرانیا زیاتر لە چوار ساڵە بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیا خۆڕاگری دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە مانگی ئایاری ٢٠٢٦ بە ٢٧٤ کوژراو و نزیکەی ١٨٠٠ بریندار، خوێناویترین مانگی جەنگەکە لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ستارمر و ترەمپ پرسی داخستنی گەرووی هورمز و ئاسایشی کۆچبەری دەریایی تاوتوێ دەکەن

یاسین

نرخى نەوت دابەزینێکى دیکەى تۆمار کرد

سەڵاح

لە ئەمریکا ناوی چوار هەزار توشبووی ئاولەی مەیموونی تۆمار کراوە

سەڵاح