بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ئێرنا رایگەیاند؛ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە کە بە “یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد” ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
لای خۆیەوە سوزی وایڵز، سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی مانەوەی لە فەڕەنسا و لە کاتی خوانێکی ئێوارە فەرمیدا لە کۆشکی فرسای، یاداشتەکەی واژۆ کردووە. وایڵز ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا و جیهان، بەڵام گوتیشی: “60 رۆژی داهاتوو بەهۆی گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان پڕ دەبێت لە ئالنگاری.”
لەلایەکی دیکەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رایگەیاند؛ رێککەوتنەکە دەستبەجێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەمەش،ئێران دەبێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە و ئەمریکاش دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
بڕیارە سبەی هەینی، 19ـی حوزەیران، بە میوانداری پاکستان و بە پاڵپشتی قەتەر، مەراسیمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.

