وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەموو پێوەندییەکی لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، پچڕاند. گیدیۆن ساعەر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕای گەیاند بە هۆی لێدوانەکانی ئەمدواییەی کایا کالاس و بەراوردکردنی ئیسرائیل بە ڕژێمی ئەپارتایدی ئەفریقای باشوور، هەموو پێوەندییەکی لەگەڵ ناوبراو دەبڕێت.
پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا لە دوای دەسپێکی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و بە هۆی توندوتیژیی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان لە کەناری ڕۆژاوا، ئاڵۆزیی توندی تێ کەوتووە. گیدیۆن ساعەر ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی حوزەیران، کالاسی بەوە تۆمەتبار کرد بەرانبەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی “نەخۆشانە و بە ئاشکرا نادادپەروەرانە” ڕەفتار دەکات.
ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: «بڵاو کراوەتەوە ناوبراو لە سەردانەکەیدا بۆ مەکسیک، ئیسرائیلی بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەپارتایدی ئەفریقای باشوور چواندووە. تا ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوە یان وەڵامێکی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم لێدوانە توندانە نەبووە.» وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی وەک وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسرائیل، ناچارە هەموو پێوەندییەک لەگەڵ خانم کالاس بپچڕێنێت تا ئەو کاتەی ناوبراو لەو بوختانەی بۆ تەنیا دەوڵەتی جوو و تەنیا دیموکراسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵبەستووە، پەشیمان دەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیای یۆراکتیڤ، کالاس ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی مەکسیک لە مانگی ڕابردوودا کردووە. ئەم لێدوانانەی ساعەر دوای ئەوە هاتن کالاس باسی لەوە کردبوو یەکێتیی ئەورووپا بژاردەکانی سنووردارکردنی بازرگانی لەگەڵ نیشتەجێگە ئیسرائیلییەکان تاوتوێ دەکات. کالاس ئاماژەی بەوەش کردبوو چەند وڵاتێکی ئەندام، پێشنیاری سزادانی ئیتامار بن گۆیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیان کردووە، هەرچەندە هێشتا کۆدەنگی لەسەر نییە.
هەر سزایەکی یەکێتیی ئەورووپا پێویستی بە ڕەزامەندیی هەر ٢٧ وڵاتە ئەندامەکە هەیە. لایەنگرانی سەرسەختی ئیسرائیل تا ئێستا دژی ئەم هەنگاوانە وەستاونەتەوە. داواکاری بۆ سزادانی بن گۆیر دوای ئەوە زیادی کرد ناوبراو ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاو کردەوە تێیدا گاڵتەی بەو چالاکوانە دەستبەسەرانە دەکرد هێزەکانی ئیسرائیل لە ناو کەشتییەکی هاوکاریی غەززەدا دەستگیریان کردبوون.
کردەوەکانی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان لە کەناری ڕۆژاوا لە دوای جەنگی غەززە زیادی کردووە و گرووپە مافپەروەرەکان باسی هێرشی ڕۆژانە بۆ سەر فەلەستینییەکان و موڵک و ماڵیان دەکەن. ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧وە کەناری ڕۆژاوای لەژێر دەستدایە و پەرەپێدانی نیشتەجێگەکان سیاسەتی حکوومەتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بووە. ئەم ڕەوتە لە سەردەمی حکوومەتی ئێستای بنیامین ناتانیاهۆدا خێراییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ئیسرائیلی لە کەناری ڕۆژاوا لە نیشتەجێگەیەکدا دەژین بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاسایین.
کایا کالاس لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس وەڵامی ساعەری دایەوە و نووسی: «پێوەندیی زۆر لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیلدا هەیە. من بایەخ بە گفتوگۆ دەدەم و ئامادەم ئەم ڕەوتە بە ڕێزەوە بەردەوام بێت. گفتوگۆ بنەمای دیپلۆماسییە، بەتایبەت کاتێک جیاوازیی بیروڕا دێتە ئاراوە.»
کالاس گوتیشی بۆ بەدیهاتنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەی دوو دەوڵەت تەنیا بژاردەی کردەیییە. یەکێتیی ئەورووپا نیشتەجێگە نایاساییەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژاوا سەرکۆنە دەکات و ئەمە هەڵوێستی فەرمیی یەکێتییەکەیە. ساعەر لە وەڵامدا گوتی: «تەنانەت لێرەشدا ئامادە نیت ئەو قسانەی پێت دەگوترێن ڕەت بکەیتەوە. ئەگەر ئەو قسە قێزەونانەت کردووە بەرگرییان لێ بکە، ئەگەر نەتکردوون ڕەتیان بکەرەوە. تا ئەم بابەتە ڕوون نەبێتەوە، بڕیارەکەم ناگۆڕدرێت.»

