zagros news agency

ئەڵمانیا ئامادەیی بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکانی ئێران لە مین بە چەند مەرجێک نیشان دەدات

 

یوهان وادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداری لە مینڕێژکردنی گەرووی هورمزدا بە چەند مەرجێک ڕای گەیاند. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ئەم مەرجانەوە بە ڕۆژنامەی “راینیشن پۆست”ی گوت، دەبێت سەرەتا هەموو پێکدادانە سەربازییەکان ڕابگیرێن و لایەنە شەڕکەرەکان لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکەی نێوان ئێران و عومان ڕێک بکەون؛ پاشان دەبێت ئەڵمانیا بۆ ئەرکی مینڕێژکردنەکە ڕاسپێردرێت.

ئەم سیاستوانەی پارتی دیموکراتی مەسیحی گوتیشی: «لەو کاتەدا و ئەگەر پەرلەمانی ئەڵمانیاش پەسندی بکات، ئێمە ئامادەین.» بە بڕوای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەموو ئەمانە دوای بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دێنە دی، بەڵام بە گوتەی ئەو، بە پێی ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکان، بە گشتی بەرگری بەرانبەر ئەو هەنگاوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی کەشتیوانی دەکەن، ڕێگەی پێ دراوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: «دەبێت ئەوە ڕوون بێت نە ئێران و نە عومان دژی جێگیرکردنی کەشتییەکانمان لە ئاوە هەرێمییەکانیاندا نین. ئێمە ناتوانین و نامانەوێت هێزە چەکدارەکانمان بخەینە بەر مەترسیی ناپێویست.»

دوای دەسپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئازاری ساڵی ڕابردوودا، سوپای پاسداران گەرووی هورمزی داخست و هاتوچۆی کەشتییەکانی بە مۆڵەتی ئێران مەرجدار کرد. لە کاتی داخستنی ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا، دەیان مین لە لایەن ئێرانەوە لەوێدا چێنران.

هەواڵی پەیوەندیدار

زاخارۆڤا: خۆرئاوایی ئۆکرانیا بە تەنیا دەهێڵنەوە

سەڵاح

سوپای عێراق: ڕێگە نادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت

یاسین

راگەیندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

یاسین