دانپێدانانی شەش پزیشکی سەربازیی سەردەمی بەشار ئەسەد، کە لە نەخۆشخانەی سەربازی تیشرین لە دیمەشق کاریان دەکرد، کاردانەوەی بەرفراوانی چالاکوانانی سۆشیال میدیای بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزارەتی دادی سووریا چیرۆکەکەی بەم شێوەیە گێراوەتەوە، کە تاوانەکە بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، ئەویش بریتی بوو لە دزینی جگەرێک لە دەستگیرکراوێک کە لە لقی 215ـی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی زیندانی بووە، دواتر بۆ ئەفسەرێکی پاسەوانی کۆمارییان چاندووە.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبار فەرمانی لە جەنەرال دکتۆر عەمار سلێمان بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی پزیشکی وەرگرتووە، سلێمان هاوپۆلی پێشووی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا بووە لەکاتی خوێندنی پزیشکیدا، پەیوەندی بە چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤەوە هەیە، لەوانە گواستنەوەی تەرمی دەستگیرکراوان و لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادایە.
ئەو شەش پزیشکە و ستافی پەرستاران بەشدارییان لە دزین و چاندنی جگەر بۆ ئەفسەرانی ڕژێم کردووە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی نەخۆشەکە ڕاستەوخۆ دوای دەرهێنانی ئەم ئەندامە گرنگە دەمرێت، ئەمەش تاوانەکەی لە دزینی ئەندامەکانی جەستەیەوە گۆڕی بۆ کوشتنی بە ئەنقەست.
لە ئەڵقەی 19ـی بەرنامەی ‘شەبەکات’ تیشک خرایە سەر کاردانەوە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا، کە هەندێکیان سەرنجیان خستە سەر لایەنی تاوانکاری و بە کوشتنی بە ئەنقەستیان زانی، هەندێکی دیکەش ڕەخنەیان لە تیمی پزیشکی گرت و بە “گەمژە” ناویان برد. هەندێکی تریش داوای لێپێچینەوەیان لە هەموو ئەو کەسانە دەکرد کە بەشدارن لەم پێشێلکارییانەدا.
یەکێک لە بەکارهێنەرانی تویتەر بە ناوی جیهاد، تاوانەکەی بەو شێوەیە وەسف کردووە کە پەرەی سەندووە بۆ کوشتنی بە ئەنقەست و لە تویتێکدا نووسیویەتی؛
“ئەمە ئیتر تەنها دزی نییە؛ ئەوە کوشتنی بە ئەنقەستە، چونکە پزیشکەکان دەیانزانی نەخۆشەکە ڕاستەوخۆ دوای لابردنی ئەم ئەندامە گرنگە دەمرێت. چەندە بەربەری و دڕندەن!!”
بەکارهێنەرێکی دیکە بەناوی هانی سەرنجی لەسەر پیشەیی بوونی پزیشکەکان بووە و نووسیویەتی؛ “جگە لەوەی قەساب بوون، گەمژەشن. شەش پزیشک و پەرستار، دووجار نەشتەرگەریەکەیان دووبارەکردەوە، و شکستی هێنا. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە فێڵیان کردووە بۆ ناو زانکۆ، چونکە هەموومان دەزانین لە سووریا کێ پێشتر پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بەکالۆریۆسی چارەسەرکراوی دزەپێدەکرد.”
هەواڵی پێشوو

