zagros news agency

بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڤەنزوێلای هەژاند و مەترسیی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس هەیە

دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلا و کاراکاسی پایتەختی ئەو وڵاتەیان هەژاند. تا ئێستا گیانلەدەستدانی ١٦٤ کەس پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام ڕێکخراوی زەویناسی ئەمریکا مەزندە دەکات ژمارەی قوربانییان لانی کەم بگاتە ١٠ هەزار کەس. بەهۆی ئەم کارەساتەوە، سەرۆککۆماری ونزوێلا باری نائاسایی لە وڵاتدا ڕا گەیاند.
پلەی بوومەلەرزەکان ٧.٢ و ٧.٥ ڕێختەر بووە و لە کاراکاس بووەتە هۆی ڕووخانی چەندین باڵەخانە. دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆککۆماری کاتیی ونزوێلا، بەرەبەیانی پێنجشەممە ئامارە نوێیەکانی بڵاو کردەوە و گوتی، تا ئێستا برینداربوونی ٩٧١ کەسیش تۆمار کراوە. بەهۆی داڕمانی زۆری باڵەخانەکان و بەردەوامیی پرۆسەی گەڕان، ترسی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاتر بێت. ڕۆدریگێز ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دوو بوومەلەرزە سەرەکییەکە، لانی کەم ٣٠ پاشلەرزە تۆمار کراون.
سەرۆککۆماری کاتیی ونزوێلا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتی، بۆ ناردنی تیمی فریاگوزاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ دابینکردنی بودجەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە، لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتیی پارە خەریکی هەماهەنگییە. ناوبراو داوای لە کەرتی تایبەت کرد بە ئامێری قورس هاوکاریی پرۆسەی ڕزگارکردن بکەن و داوای لە خەڵکیش کرد هێمن بن و یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” بەڵێنی ناردنی هاوکاریی خێرای دا و نووسی: “ئێمە لێرەین بۆ هاوکاریی دۆستە نوێ و نایابەکەمان.” هەروەها سەرۆککۆماری ئەلسەلڤادۆر و کۆماری دۆمینیکان تیمی تایبەت و هاوکاریی پزیشکییان بۆ ونزوێلا ناردووە و بەڕازیلیش ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیمانگەی زەویناسی ئەمریکا، نێوان هەردوو بوومەلەرزەکە تەنیا ٣٩ چرکە بووە. یەکەمیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی حوزەیران لە قووڵایی ٢١.٩ کیلۆمەتر و دووەمیان لە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتردا ڕوویان داوە. بەهۆی کەمیی قووڵایی بوومەلەرزەی دووەم، ئاستی وێرانکارییەکان زۆر زیاترە. ئێستا لە ونزوێلا باری هۆشداری ڕا گەیەندراوە و بۆ ڕێگری لە تەقینەوە، هێڵەکانی گازی ماڵان بڕدراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەڵمانیا باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگ کردەوە

یاسین

سوودانی: هەوڵم داوە دۆستایەتییەک دروست بکەم خزمەت بە وڵات بکات

یاسین

داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان خرایە سەر حیسابی دارایی عێراق

یاسین