دمیتری بڵیانسکى، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا (OSCE)، ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەوروپا درک بە مەترسیی ئەو ئاستە لە گرژییە ناکەن کە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ دروست بووە.
بڵیانسکى لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “سپۆتنیك”ی ڕووسی وتی: “پێدەچێت ئەوروپییەکان تێنەگەن کە ئێمە ئێستا لە ناوچەیەکی زۆر مەترسیداین.”
ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییە ئاماژەی بەوە کرد کە نیگەرانییەکان بەتایبەت پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەیە کە لە ڕێگەی ئاسمانی وڵاتانی باڵتیکەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها دامەزراندنی بنکەی بەرهەمهێنانی چەک، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە خاکی ڕووسیا دەکەنە ئامانج. وتیشی ئەم هەنگاوانە چوونەتە ناو “ناوچەی خۆڵەمێشی”، کە تێیدا سەربازییەکان دەتوانن ڕووداوەکان بە شێوازی جیاواز و مەترسیدار لێک بدەنەوە.
بڵیانسکى هۆشداریی دا و وتی: “تەنها یەک ڕووداو بهسه بۆ ئەوەی زنجیرەیەک لە گرژیی و پەرەسەندنی سەربازی دەستپێبکات کە دواتر ڕاگرتنی زۆر ئەستەم بێت، هەرچەندە لە ئێستادا کەس نایەوێت ئەو سیناریۆیە ڕووبدات، بەڵام مەترسییە سەرەکییەکە ڕێک لەمەدایە.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئەلیکساندر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا خەریکی ئامادەکاریی و پلانداڕشتنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ مۆسکۆ تا ساڵی 2030.

