سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پەیامێکی سەرەخۆشیی قووڵی ئاراستەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، بنەماڵەی فەرمانڕەوا و گەلی ئەو وڵاتە کرد، بەبۆنەی کۆچی دوایی “میری باوک” شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند: “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی میری باوک، شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانیمان پێگەیشت.”
لە پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیران هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی قەتەر دەربڕی و هیوای خواست خوای گەورە کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە بنەماڵەکەی ببەخشێت، هاوکات ستایشی ئەو خزمەتە گەورانەی کرد کە پێشکەشی وڵاتەکەی کردووە.
شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، کە بە ئەندازیاری قەتەری نوێ دەناسرێت، لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2013 دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە بوو. لە سەردەمی ئەودا قەتەر بازدانێکی گەورەی ئابووری و دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینی، تا دواجار لە ساڵی 2013دا بە ویستی خۆی دەسەڵاتی ڕادەستی شێخ تەمیمی کوڕی کرد.
کۆچی دوایی ناوبراو لە تەمەنی 74 ساڵیدا، کاردانەوەی بەربڵاوی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان لێکەوتووەتەوە.

