zagros news agency

لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە دووهەم جار لە کووبا کارەبا بڕا

 

کوبا ساڵانێکە دەستوپنەجە لەگەڵ تەنگژەی توندی وزەدا نەرم دەکات. گەمارۆی نەوتیی ئەمریکا و ژێرخانە کۆنەکانی ئەو وڵاتە، دۆخەکەیان خراپتر کردووە. ئەم دواییانە لە هاڤانای پایتەختی کوبا، چەندین خۆپێشاندان دژی بڕانی کارەبا ئەنجام دران.

بۆ دووەم جار لە ماوەی چوار ڕۆژدا، سەرتاسەری کوبا جارێکی دیکە لە تاریکیدا نوقم بوو. وەزارەتی وزەی ئەم وڵاتە ڕۆژی هەینی ١٠ی تەممووز ڕای گەیاند ڕێکارە نائاسایییەکان بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا چالاک کراون.

ڕۆژنامەی “گرانما” کە زمانحاڵی فەرمیی حزبی کۆمۆنیستی کوبایە، بڵاوی کردەوە ئەم داڕمانە لە ناوەڕاستی تەنگژەیەکی وێرانکەری وزەدا ڕووی داوە. بە گوێرەی ڕێنمایییەکان، دابینکردنی کارەبا بۆ ناوەندە گرنگەکانی وەک نەخۆشخانەکان لە پێشینەی کارەکاندایە. کۆمپانیای کارەبای حکوومەتی کوبا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری بڕانە نوێیەکە نەداوە.

حکوومەتی هاڤانا سزاکانی ئەمریکا بە هۆکاری بەردەوامیی بڕانی کارەبا دەزانێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە مانگی کانوونی دووەمدا هەڕەشەی لەو وڵاتانە کردبوو کە نەوت بۆ کوبا دەنێرن. ئەمەش بووە هۆی وەستانی نزیکەی تەواوەتیی هاوردەکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە. واشنتۆن بەم فشارانە دەیهەوێت کوبا ناچار بکات ئابووری و سیاسەتی خۆی بە گوێرەی ویستەکانی ئەمریکا کراوەتر بکات.

دوای بڕانی پێشووی کارەبا، چەندین ناڕەزایەتی لە هاڤانا سەریان هەڵ دا. ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوو، سەدان دانیشتووی ناوچەکانی “خایمانیتاس” و “سانتا فێ” لە ڕۆژئاوای هاڤانا ڕژانە سەر شەقامەکان و بە لێدانی قاپوقاچاخ و بەکارهێنانی هۆڕنی ئۆتۆمبێل، داوای گەڕاندنەوەی کارەبایان دەکرد.

بڕانی سەرتاسەریی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، سێیەم حاڵەتی بڕانی کارەبا بوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە. هەرچەندە بەرپرسان گوتیان کێشەکە لە زۆربەی ناوچەکان چارەسەر کراوە، بەڵام لە سانتیاگۆ دێ کوبا، کە دووەم گەورەشارە، هیچ کارەبایەک نەبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا: لە سبەیەوە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبنەوە

دڵشاد

جیهادی ئیسلامی داوای ئازادکردنی دوو سەرکردەی دەستگیرکراوی لە سووریا دەکات

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

یاسین