دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، شەش فەرمانبەری سەر بە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکران.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، چوار لەو فەرمانبەرانە بڕێکی زۆر بەنزینیان لە وێستگەکان دزیبوو و فرۆشتبوویان، پارەی ئەو بەنزینە لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەرپرسی کۆگاکەدا دۆزرایەوە، کە دەبوو ئەو پارەیە بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ خۆیان شاردبووەوە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە ئاشکرای کرد، دەستەی دەستپاکی چووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی نەینەوا، فەرمانبەرێک و کارمەندێکی لەوێش دەستگیرکردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا چەندین مامەڵەی ڕەسەنی خانەنشینانیان پێبووە، کە بەبێ ئامادەبوونی خاوەنەکانیان و بەبێ هیچ ڕێپێدانێکی یاسایی، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئەو مامەڵانە بوون.

