ئەحمەد شەرع دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد بەڵێنی دیموکراتیکردنی سووریای داوە. ئێستا دوای چەندین دەیەی دیکتاتۆری، پێکهاتەیەکی نوێ بۆ پەرلەمان دروست بووە، بەڵام لەبارەی ئاستی کاریگەریی ڕاستەقینەی لەسەر سیاسەت گومان هەیە.
پەرلەمانی نوێی سووریا، ١٩ مانگ دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تەممووز یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام دا. لەو کۆبوونەوەیەدا ٢٠٦ پەرلەمانتار، عەبدولحەمید عەواک، یاساناسی سوورییان بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد. ئەم پەرلەمانە ڕاگوزەرە بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسێتەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا، لە وتارەکەیدا لە دیمەشقی پایتەخت داوای لە پەرلەمانتاران کرد ئەم دامەزراوەیە بکەنە “نموونەیەک بۆ بەرپرسیارێتی و لێهاتوویی”. ئەو هەروەها داوای چەسپاندنی کولتووری گفتوگۆ و سەروەریی یاسای کرد. کڵۆدیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، دەستبەکاربوونی پەرلەمانی وەک وەرچەرخانێک لە پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا وەسف کرد.
لە سەردەمی حکوومەتی بنەماڵەی ئەسەدا، سووریا وڵاتێکی پۆلیسی بوو و پەرلەمان تەنها دامەزراوەیەک بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکانی حکوومەت بوو. بەڵام ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەم پەرلەمانە زۆر سنووردارن. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستووریی کاتیی ساڵی ٢٠٢٥، حکوومەت پێویستی بە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان نییە.
دوو لەسەر سێی کۆی ٢١٠ کورسیی پەرلەمان، پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لەلایەن لیژنە هەڵبژاردنە ناوچەییەکانەوە دیاری کرابوون. یەک لەسەر سێیەکەی تریش ئەحمەد شەرع خۆی لە یەکی تەممووزدا دای ناون. خەڵکی سووریا دەرفەتی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پەرلەمانتارانیان نەبوو. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم شێوازە وای کردووە حکوومەت کۆنترۆڵێکی زۆری بەسەر پەرلەماندا هەبێت.
لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، زۆربەی براوەکان هێزە سوننە پارێزگارەکان و سەرۆک هۆزەکان بوون، لە کاتێکدا پشکی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە کەمی مایەوە. ڕەخنەگران حکوومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی وەک پێویست پشتگیری لە کەمینەکانی وەک عەلەوی، درووز و کورد ناکات.
ئەحمەد شەرع ڕای گەیاند ئەم شێوازە بەهۆی هەبوونی ملیۆنان ئاوارە و نەبوونی لیستی تۆماری دەنگدەران پێویست بووە. ئەو گوتی هەر کاتێک ژێرخانی پێویست ئامادە بێت، پشتگیری لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری دەکات. لە پەرلەماندا تەنها ٢١ ژن هەن کە دەکاتە ١٠٪ی کۆی ئەندامان.
ئەحمەد شەرع کە پێشتر ئەندامی قاعیدە بوو و لە ٢٠١٦ جیا بووەوە، دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد ڕێڕەوی سیاسیی سووریای گۆڕی و دەیەوێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نزیک بێتەوە. بەڵام یەکەم ساڵی دەسەڵاتی ئەو، بە پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی حکوومەت و کەمینەکاندا تێپەڕ بوو. ئێستا چوار کورسیی پەرلەمان بە بەتاڵی ماونەتەوە کە سێ دانەیان بۆ پارێزگای سوەیدایە؛ ئەمەش بەهۆی پێکدادانەکانی ساڵی ڕابردووی نێوان هێزەکانی حکوومەت و درووزەکان کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەس.
هەواڵی داهاتوو

