وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە ماوەی 50 ڕۆژ بۆ پارەدانی پسوولەی کارەبا دیاریدەکات بۆ هاوبەشان لە پڕۆژەی ڕووناکی.
ئەو هاوبەشانەی کە پارەی کارەبا نادەن لەماوەی 50 ڕۆژی دوای دەرچوونی پسوولەکانیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەلایەن سیستەمەوە دووچاری پچڕانی کارەبا دەبنەوە تاوەکو پارەی پێویستی سەرجەم پسوولەکانی کارەبا دەدەن.
ئەم پڕۆسەیە بەشێک بووە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی 2019 و ئێستا لەسەر هەموو هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێدەکرێت.
ئەم میکانیزمە دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنی هەمان ڕێساکانی پارەدان بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا و هاریکاردەبێت لەبەردەوامی سێکتەری کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا لەماوەی درێژخایەندا.
زۆربەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پارەی پسوولەکانی کارەبا بە تەواوی دەدەن. بەڵام بەشێکی کەم لە هاوبەشان بەڕێژەیەکی بەرچاو کارەبا بەکاردێنن بەبێ ئەوەی پارەی پسوولەکانییان بدەن. ئەمەش نادادپەروەری دەخاتەگەڕ بەرانبەر ئەو هاوبەشانەی پارە دەدەن. هەروەها بارگرانی دەخاتەسەر وەزارەتی کارەبا و توانای کەم دەکاتەوە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری. بۆیە پابەندبوون بە پارەدان گرنگە بۆ بەردەوامی و فراوانکردنی خزمەتگوزاری کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی 50 ڕۆژ بۆ پارەدانی پسوولەکان، وەزارەت داوا لە هاوبەشان دەکات کە قەرزی پێش ڕووناکی بدەنەوە. چونکە قەرزی پێش ڕووناکی (کۆن) لە ماوەیەکی نزیکدا بە هەمان شێوە دەبێتە بەشێک لەو پارەیەی کە دەکرێت ببێتە هۆی پچڕانی ئۆتۆماتیکی کارەبا لەکاتی پارەنەدان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچی و هەموو جۆرە ساختەکارییەک و پابەندنەبوونییەک کە دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە تۆڕەکانی کارەبا. ئەم ڕێوشوێنانە دەبنە هۆی سەرکەوتنی زیاتری پڕۆژەی ڕووناکی کە تییایدا زیاتر لە 80% هاوبەشانی ماڵان پارەی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بەو کاتەی پارەیان دەدا بە مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان. ئەمەش لەپاڵ ئەوەی هاووڵاتیان سوودمەندن لە کارەبایەکی 24 کاتژمێری پشتپێبەستراو ، پاکتر و سەلامەتتر.
ماوەی 50 ڕۆژی پارەدان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پسوولەی کارەبای هاوبەش لە سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئی-پسوولە، دەردەکەوێت.
بۆ یارمەتیدانی زیاتری هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی هەمیشە ئاگاداری پسوولەکانییان بن، هەموو ئەو هاوبەشانەی خۆیان لە پڕۆژەی ڕووناکی تۆمارکردووە لەڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە دوای ماوەیەکی کەم لە بەردەستبوونی پسوولەی نوێ ئاگادار دەکرێنەوە. داوا لە سەرجەم هاوبەشانی کارەبا دەکرێت بۆ ئەوەی خۆیان تۆماربکەن تاوەکو لە کاتی خۆیدا ئاگاداربکرێنەوە لە کۆتایی هاتنی کاتی پارەدانی پسوولەکان چونکە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا، هاوبەشان دووچاری پچڕانی کارەبا دەبنەوە ئەگەر هاتوو لە کاتی دیاریکراو پارەی پسوولەکانییان نەدەن.

