zagros news agency

ڤایرۆسی ئیبۆلا زۆر بەخێرایی لە کۆنگۆ بڵاودەبێتەوە

 

وەزارەتی تەندروستی کۆنگۆی دیموکرات ڕایگەیاند، وڵاتەکە ڕووبەڕووی خێراترین شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا بووەتەوە کە تا ئێستا بە خۆیەوە بینیبێتی، بە جۆرێک کە ژمارەی تووشبووان 2000 کەسی تێپەڕاندووە و لەو نێوەندەشدا 754 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتەکە، لە ئێستادا 753 تووشبوو لەژێر چاودێری پزیشکی و کەرەنتینەدان لە نەخۆشخانەکاندا، لە کاتێکدا تەنیا 366 کەسیان بە تەواوی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئەم بارودۆخە نالەبارە تەندروستییە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانێکی دارایی قووڵ لە کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەدا، چونکە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی گشتی ‘بونیا’ دەستیان بە مانگرتن لە کارەکانیان کردووە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و شایستە داراییەکانیان، بەمەش پەیوەندییان بە هاوپیشەکانیانەوە کردووە لە ناوچەکانی دیکەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا. مانگرتووان دەروازەی سەرەکی نەخۆشخانەکەیان داخستووە و ڕایانگەیاندووە، سەرەڕای کارکردنیان لە ناوچە و ژینگەیەکی مەترسیداردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا، هیچ بڕە پارەیەک یان قەرەبوویەکی داراییان پێ نەدراوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی کۆنگۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبوواندا هەبووە بووەتە تەحەدایەکی زۆر گەورە، چونکە ڕێژەی کۆنترۆڵکردن و گەیشتن بە بەرکەوتووان لە 67% تێپەڕی نەکردووە. ئەم کێشانە لە کاتێکدا دێن کە کۆنگۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری سلالەی بونديبۆگیۆ کە لە 15ی مایسی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و خێرایی بڵاوبوونەوەکەشی زۆر زیاترە لە توانای دەزگا تەندروستییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی، تەنانەت دوای فراوانکردنی ڕێکارەکانی فریاگوزاریش. لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردووەتەوە کە لانی کەم 80%ی حاڵەتە نوێیەکان بە زنجیرە گواستنەوەی نەناسراوەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی پەتاکەی بە تەواوی ئاڵۆز کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای Zhipu AI ژیری دەستکردی بلاو کردەوە

یاسین

لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هیچ بنکەیەکی ئەتۆمی زیانی بەر نەکەوتووە

سەڵاح

ئەمریکا پاداشتی دە ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاری دەربارەی هاکەرانی ئێران تەرخان دەکات

سەڵاح