چای گەرم یەکێکە لەو خواردنەوانەی زۆرترین خەلک دەیخواتەوە، لە جیهاندا و هەمیشە بە سوودەکانی بۆ باشترکردنی هەرس و زیادکردنی تەرکیز و هێورکردنەوەی دەمارەکان دەناسرێت، بەڵام توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لە لایەن زانکۆی بێرمینگام لە بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7- 2026 بڵاوکراوەتەوە، مەترسییەکی تەندروستی گەورە لە پشت خواردنەوەی ئەم پێکهاتەیە ئاشکرا دەکات، ئەویش بوونی گەردیلەی پلاستیکی زۆر بچووکە تێیدا.
لەم توێژینەوەیەدا پشکنین بۆ 150 جۆری جیاواز لە خواردنەوە سارد و گەرمەکان کراوە بۆ دۆزینەوەی مایکرۆپلاستیک، و ئەنجامەکان دەریانخستووە کە چای گەرم بەرزترین ڕێژەی تۆمارکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو توێژینەوەکە، یەک لیتر لە چای ئامادەکراو بڕی 60 گەردیلەی مایکرۆپلاستیکی تێدایە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ بوونی 12 بۆ 15 گەردیلە لە یەک کوپدا، ئەم ڕێژەیەش زۆر زیاترە لەو بڕەی کە لە ناو خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکاندا هەیە. زانایان ڕوونیان کردووەتەوە کە پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی خێراکردنی جیابوونەوەی ئەم گەردیلانە، بە تایبەتیش ئەو کوپە سەفەرییانەی کە ناوەوەیان بە پلاستیک ڕووپۆش کراوە هۆکارن بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆرتر لە پلاستیک بۆ جەستە بە بەراورد بە کوپە شووشەکان.
پرۆفیسۆر محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، ڕایگەیاندووە، مایکرۆپلاستیک لە ئێستادا بە تەواوی لە ناو ئاو و هەوا و خۆراک و تەنانەت جەستەی مرۆڤیشدا بڵاوبووەتەوە، هەرچەندە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هێشتا بە تەواوی نەسەلمێندراون، بەڵام تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان لەسەر ئاژەڵان دەریانخستووە کە ئەم پلاستیکە بچووکانە دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگی بەکتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە و دروستبوونی هەوکردن و گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا. ڕاپۆرتەکە ئامۆژگاری دەکات کە بەکارهێنانی کیسەی چای دروستکراو لە نایلۆن یان پلاستیکی زیندەیی کەمبکرێتەوە چونکە لە ناو ئاوی گەرمدا مایکرۆپلاستیک دەردەکەن، و لە جیاتی ئەوە چای فەل یان کیسەی کاغەزی بەکاربهێندرێت، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە ماددەی تانین لە چادا ڕێگری لە مژینی ئاسن دەکات لە خۆراکە ڕووەکییەکاندا کە پێویستە ژنانی دووگیان و ڕووەکخوەرەکان گرنگی پێبدەن.
هەواڵی داهاتوو

