zagros news agency

گەورەترین نمایشی سەربازیی سەردەمی سەرۆکایەتیی ماکرۆن لە فەرەنسا بەڕێوەچوو

 

ئیمانوێل مکرۆن بەبۆنەی جەژنی نیشتمانیی فەرەنساوە، میوانداریی گەورەترین نمایشی سەربازیی سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆی کرد. سەرۆکی فەرەنسا لەم ڕێوڕەسمەدا هەم پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا نیشان دا، هەم جەختی لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، فەرەنسا بە سازکردنی گەورەترین نمایشی سەربازیی سەردەمی ئیمانوێل مکرۆن لە پاریس، یادی ڕۆژی نیشتمانیی خۆی کردەوە. فریدریش مێرتسی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و زیاتر لە ٢٠ سەرۆک و بەرپرسی وڵاتان و حکوومەتەکان بۆ بەشداریکردن لەم مەراسیمەدا چووبوونە پاریس.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی ئەلیزێ، ئەمە دوایین نمایشی سەربازیی سەردەمی سەرۆکایەتیی مکرۆن بوو و بە بەشداریی نزیکەی ٦ هەزار و ٨٠٠ سەرباز، وەک گەورەترین نمایش لە کارنامەی ئەودا تۆمار کرا. ئەم نمایشە هەروەها ڕەنگدانەوەی زیادبوونی خەرجییە بەرگرییەکانی فەرەنسا بوو؛ ئەو خەرجییانەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، واتە لەو کاتەوەی مکرۆن بۆ یەکەم جار بوو بە سەرۆک، تا ئێستا دوو هێندە زیادیان کردووە. ئامانجی ئەم هەنگاوە تیشکخستنە سەر “بەهێزکردنی ستراتیژیی پڕچەککردنی فەرەنسا” و “بێداربوونەوەی ستراتیژیی ئەورووپا” بوو.
فەرەنسا هەموو ساڵێک لە ١٤ی تەممووزدا، یادی هێرشکردنە سەر بەندیخانەی باستیل لە ساڵی ١٧٨٩ دەکاتەوە، ئەو ڕووداوەی وەک دەسپێکی شۆڕشی فەرەنسا دادەنرێت. مکرۆن ئەمساڵ زیاتر لە هەر شتێک پەیامێکی ڕوونی بۆ پشتگیریی ئۆکرانیا نارد. لە پێشەوەی ڕیزەکانی نمایشەکەدا لە شەقامی شانزێلیزێ، ٥٠٠ سەربازی وڵاتانی ئەندام لە “هاوپەیمانیی وڵاتانی خۆبەخش” نمایشیان کرد؛ ئەو هاوپەیمانییەی لە بەرانبەر هێرشی سەربازیی ڕووسیادا پشتگیریی ئۆکرانیا دەکەن.
تیمی ئاکرۆجێتی “پاترۆڵ دو فرانس” لەگەڵ دوو فڕۆکەی جەنگیی میراژ بە فڕۆکەوانی هاوبەشی فەرەنسی و ئۆکرانی بە ئاسمانی ناوچەکەدا فڕین و نمایشیان ئەنجام دا. ڤۆلۆدیمیر زێلێنکسیی سەرۆکی ئۆکرانیا، لەگەڵ ٣٠ سەرۆک و بەرپرسی وڵاتانی هاوپەیمانی و ئۆرۆزۆلا فۆن دێر لاینی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە شوێنی تایبەتی مەراسیمەکەدا ئامادە بوون.
شەوی پێش مەراسیمەکە، “هاوپەیمانیی وڵاتانی خۆبەخش” بە ڕێبەرایەتیی فەرەنسا و بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس، جەختیان لەسەر بەردەوامیی پشتگیریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا کردەوە. دۆناڵد توسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند ئەم مانۆڕە سەربازییانە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا لە پۆڵەندا بەڕێوە بچن و هێزەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و پۆڵەندا تێیدا بەشدار دەبن. سەرۆکی فەرەنسا ئامانجی ئەم مانۆڕانەی بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی ئەگەری و چەسپاندنی ئاشتی لە ئۆکرانیادا گەڕاندەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەرمی شۆفێرە ڕفێنراوەکەی ڕێگای بەغدا – کەرکووک دۆزرایەوە

سەڵاح

کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ى كاندیده‌ سزادراوه‌كان ئاشكرا ده‌كات

سەڵاح

سه‌نگه‌ر كانه‌بی بۆ زاگرۆس: به‌هه‌وڵی سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرفتی بازگه‌ی مه‌خموور چاره‌سه‌ر كرا و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م خه‌ڵك نه‌ما

سەڵاح