ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٦، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە ڕێکخراوەییەکان و هەڵسەنگاندنی چالاکییەکان، دەستەی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی هەڤاڵ (شیلان شێخ جەعفەر) بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی یاوەری لە بۆردی ئافرەتان، سکرتێر، ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و بەرپرسانی ناوەندەکان بەڕێوەچوو.”
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر پرسە گرنگەکانی تایبەت بە کاری ڕێکخراوەیی و کاروباری ناوەندەکان. هەروەها هەڵسەنگاندنی ورد بۆ چالاکییەکانی قۆناغی ڕابردوو کرا، ئەمەش بە ئامانجی گەشەپێدانی زیاتری توانای کادیران و کاراکردنی ڕۆڵی ناوەندەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ زاگرۆس، زیبا تەها وتی: “لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و بەردەوامی یەکێتی ئافرەتان لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و پاراستن و پاڵپشتیکردنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.”
هاوکات تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پرسەکانی تایبەت بە ئافرەتان، لەوانە: بەهێزکردنی تواناکانیان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پشتگیریکردنی ئابووریی ئافرەتان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان.
لە کۆتاییدا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دوپاتی کردەوە کە کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی هەوڵە بێوچانەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئافرەتانی کوردستان لە هەموو کایەکاندا کۆتایی پێهات

