zagros news agency

فێستیڤاڵی ڤینیس: چیرۆکی کچە قەناسێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بۆ ڕزگارکردنی خۆشکە بچووکەکەی بە نهێنی دەچێتە ناو داعش

فێستیڤاڵی ڤینیس فەرشی سوور بۆ فیلمە نوێیەکەی هەڵکەوت مستەفا ڕادەخات
​یەکەم نمایشی جیهانیی فیلمی بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت نوێترین بەرهەمی سینەماکاری دیاری کورد هەڵکەوت مستەفا لە هەشتا و سێیەمی خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس لە ئیتالیا دەبێت.
​ئەمڕۆ فێستیڤاڵی ڤینیس کە کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهان و یەکێک لە گرنگترین بۆنە سینەماییە نێودەوڵەتییەکانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوی ئەو فیلمانەی ئاشکرا کرد کە لە خولی ئەمساڵدا بەشداری دەکەن.
​هەڵکەوت مستەفا نووسەر و دەرھێنەری فیلمەکە دەڵێت:
​”زۆر خۆشحاڵم کە یەکەم نمایشی جیهانیی فیلمە نوێکەم لە ڤینیس دەبێت؛ فیلمێک کە ئازایەتی و خۆڕاگریی ژنی کورد بە جیهان پێشان دەدات. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە دروستکردنی ئەم فیلمەدا هاوکار و هاوسەفەرم بوون.”

​بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت چیرۆکی کچە قەناسێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بۆ ڕزگارکردنی خۆشکە بچووکەکەی بە نهێنی دەچێتە ناو داعش.

فیلمەکە وێنەیەکی شیعرئی ژنێکی پێشمەرگە پێشکەش دەکات کە ڕەت دەکاتەوە لە بەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت. هەڵکەوت مستەفا بۆ نووسینی ئەم بەرهەمە لەگەڵ ژمارەیەک ژنی پێشمەرگە کە دژی داعش جەنگاون دیداری ئەنجام داوە.
​دوایین بەرهەمی ئەم دەرھێنەرە کوردە فیلمی دۆکیۆمێنتاریی شاردنەوەی سەدام حسین بوو، کە لە بۆکس ئۆفیسدا بوو بە پڕبینەرترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری لە مێژووی سینەمای عەرەبی.
​هەڵکەوت مستەفا خەڵکی باشووری کوردستانە و لە نەرویج نیشتەجێیە. ساڵی ٢٠١٦ بە فیلمی سینەمایی «کلاسیکۆ» ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. فیلمەکە لە زیاتر لە ٥٦ وڵات نمایش کرا و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بردەوه.
​خولی ٨٣یەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس، لە ٢ تا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە شارى ڤینیسی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت. نمایشکردنی فیلم لەم فێستیڤاڵەدا دەرگای ناساندنی نێودەوڵەتی و گەیشتن بە بینەر و ڕەخنەگرانی جیهان دەکاتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی 16ی ئابدا

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی کوردستان24 دەکات

سەڵاح