سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە: “بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی هاتوچۆمان لە کۆماری عەرەبیی سووریا پێگەیشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی کە زۆربەیان کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون.”
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری قوربانییان و حکوومەتی سووریا، لە خوای گەورە داواکارە کە کۆچکردووان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و جێگەیان بەهەشتی بەرین بێت. هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێراشی بۆ بریندارەکانی ڕووداوەکە خواست.
لەسەر ڕێگەی نێوان دێرەزوور – دیمەشق لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێکدادانی دوو پاس (یەکێکیان هی هێزە ئەمنییەکان و ئەوی تریان مەدەنی) کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لانی کەم 35 کەس گیانیان لەدەست دا و 30ی دیکەش بریندار بوون. دوابەدوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و حکوومەتی سووریا کرد

