دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی تەموزی ٢٠٢٦، دکتۆر پشتیوان سادق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند؛ پێشوازییان کردووە لە “ڕێباز بێرکۆتی” لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی یەکێتی و شاندێکی یاوەری.
لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکە، دکتۆر پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی دوایین ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی، کاری پێکەوەیی و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی کردووەتەوە لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلی کوردستان.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، گەشبینی نیشان دراوە بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی لە پرۆسەی سیاسیی ناوچەکەدا و جەخت لە بەرزنرخاندنی هەموو ئەو هەنگاوانە کراوەتەوە کە خزمەت بە سەقامگیری سیاسی دەکەن.

