بۆ زۆرێک لە ئەندامانی تاڵیبان ئینتەرنێت بە گوناهـ دادەنرێت، بەڵام پراگماتیستەکانی ئەم گرووپە لە سوودەکانی تێ دەگەن. لە نێو سەرکردایەتیی تاڵیباندا تەنانەت لەسەر مۆبایلی زیرەکیش کۆدەنگی نییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هەنگاوێکی توندیان ناوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، ئەم گرووپە ئیسلامییە توندڕەوە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی بۆ بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکوومەتی خۆی قەدەغە کرد. بەپێی ڕاپۆرتی نوێی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یوناما)، فەرمانی سەرکردایەتیی تاڵیبان تەنانەت دەرکردن لە کار بۆ سەرپێچیکارانی ئەم یاسایە لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، فەرمانەکە لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەرچووە، بەڵام دامەزراوە حکوومەتییەکان تێگەیشتنی جیاوازیان بۆی هەیە. پێشتریش میدیا نێودەوڵەتییە جیاوازەکان لەمبارەیەوە هەواڵیان بڵاو کردبووەوە. ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئەندامانی تاڵیبان خەریکی تێکشکاندنی مۆبایلی زیرەکن. ئەوان بە ئامێری جیاواز شاشەی مۆبایلەکان دەشکێنن یان ئامێرەکان بە لێواری مێزدا دەکێشن تا وردوخاش دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی یوناما، بەرپرسانی حکوومەت دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە کاردانەوەی جیاوازیان هەبووە. گوتەبێژی فەرمانگەیەکی پۆلیسی ناوخۆیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی لە فەیسبووک ڕاگرتووە. بەرپرسێکی دیکەش گوتی تەنها دوای تەواوبوونی کاتی کارکردن و لە ڕێگەی لاپتۆپەکەیەوە لە شەودا بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەژمارە فەرمییە جیاوازەکانی حکوومەتی تاڵیبان دوای بڵاوبوونەوەی ئەم فەرمانە هێشتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن.
قەدەغەی نوێی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بۆ بەرپرسانی حکوومەت، لە درێژەی مشتومڕێکی درێژخایەنی نێو تاڵیباندایە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئامێرانە. بە گوتەی چاودێران، لە نێو سەرکردە باڵاکانی تاڵیباندا کە لە شاری قەندەهار لە باشووری ئەفغانستانەوە جڵەوی حکوومەتیان لە دەست دایە، دیدگای باڵی توندڕەو زاڵە؛ باڵێک مۆبایلی زیرەک و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بە جۆرێک لە خراپە یان گوناهـ دەزانێت.
لە بەرانبەردا، پراگماتیستەکانی نیشتەجێی کابول ئینتەرنێت وەک ئامرازێک بۆ کاروکاروبار دەبینن. بەتایبەت بۆ یەکە بەرهەمهێنەرەکان و کارگەکانی پیشەی دەستی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بازاڕکردن ئەژمار دەکرێن. پاییزی ڕابردوو، ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئەفغانستان بۆ ماوەی نزیکەی دوو ڕۆژ بڕدرا؛ ئەم هەنگاوە بە فەرمانی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان و بە ئامانجی “ڕێگریکردن لە بێڕەوشتی” ئەنجام درا. مۆبایلی زیرەک لە ئەفغانستان گرنگترین هۆکاری پەیوەندییە و زۆربەی کات بەڵگەنامە فەرمییەکانیش لە ڕێگەی واتسئاپەوە لە نێوان کەسەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

