zagros news agency

بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە چین و ئەمریکا پاشەکشە دەکات

تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦دا بەرده‌وام بوو لە بەرزبوونەوە، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی کۆمپانیای ڕاوێژکاری “PwC” کە ٤٣ بازاڕی سەرەکی گرتبووەوە، ڕێژەی گەشەسەندنی ئەو بازاڕە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

 

بەپێی ئامارە گشتییەکان لەسەر ئاستی جیهان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٦.٦ ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەواو تۆمارکراون، بەراورد بە هەمان سەردەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی ٩٪ زیادی کردووە. ئەم هێواشبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی گەشەسەندن لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە سێیەکی تێپەڕاندبوو، هەروەها لە سەرانسەری ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی سێیەکی تۆمارکردبوو.

 

چین وەک گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا، هۆکاری سەرەکیی ئەم هێواشبوونەوەیە بوو. بازاڕی چین لە نیوەی یەکەمدا بە ڕێژەی ٥٪ پاشەکشەی کرد و ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییە تۆمارکراوەکان گەیشتە کەمتر لە ٣.٦ ملیۆن ئۆتۆمبێل، بەڵام لە چوارەکی دووەمدا کەمێک گەشەی کردەوە و لە ٤٤٪ی تەواوی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی ئەو وڵاتەی پێکهێنا.

 

تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکاش ڕووی لە دابەزین کرد؛ لە نیوەی یەکەمی ساڵدا نزیکەی ٤٦٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی تۆمارکران، کە دابەزینی ٢٢٪ نیشان دەدات بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥. بەمەش ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەنیا 6٪ـی کۆی بازاڕی ئەمریکای پێکهێناوە.

 

بەپێچەوانەی چین و ئەمریکا، دۆخەکە لە ئەوروپا زۆر باشتر بوو، کۆی ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، ئایسلەندا، نەرویج و سویسرا نزیکەی ١.٦ ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی تۆمارکران.

 

لە رووی ڕێژەی گەشەکردنەوە، زیادبوونێکی بەرچاو بە ڕێژەی ٣٣٪ لەسەر بنەمای ساڵانە تۆمارکرا. ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ٢٢٪ی کۆی بازاڕی ئەوروپایان داگیرکرد.

 

ئەڵمانیا جارێکی دیکە بوو بە گەورەترین بازاڕی تاکەکەسی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەوروپا لە پێش بەریتانیا و فەرەنسایە، هاوکات گەشەیەکی بەهێز لە فەرەنسا و ئیتالیاش بەدی دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا بەردەوامن

یاسین

سه‌نگه‌ر كانه‌بی بۆ زاگرۆس: ناكرێت به‌عه‌قڵیه‌تی پێشوو به‌رده‌وامی سیاسه‌تی ته‌عریب له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بدرێت

سەڵاح

کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی ڕێگای هەولێر – كۆیە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت

یاسین