بەرپرسانی بەندەری دەمیاتی میسر ڕایان گەیاند چالاکییەکانی ئەو بەندەرە سەرەڕای ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی ڕۆژی چوارشەممە تێیدا ڕوو دا، بەردەوامن.
ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی بەندەری دەمیات لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری دەمیات دووپاتی دەکاتەوە بەندەرەکە هێشتا بە تەواوی توانایەوە کار دەکات و هەموو وێستگە و لەنگەرگاکان هاتوچۆی ڕێکوپێکی کەشتییەکانیان تێدا دەکرێت.”
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە ئۆپراسیۆنەکانی بارکردن، داگرتن و گواستنەوەی جۆرە جیاوازەکانی بار بەردەوامن.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە بەندەری دەمیات وەک یەکێک لە ناوەندەکانی بارکردنی گازی سروشتی لە کەناراوەکانی میسر لە دەریای ناوەڕاست چەند تەقینەوەیەک ڕوویان دا. کۆمپانیای تەناهیی دەریاییی بریتانی “ئامبری” ڕای گەیاند کەشتییەکی ئەمریکی بە درۆن کراوەتە ئامانج.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری کۆماری ئیسلامییەوە، حکوومەتی ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر میسر زانی و گوتی ئەم هێرشە بۆ پێشاندانی تواناکانی کۆماری ئیسلامی پلانی بۆ داڕێژرابوو.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە میسر یەکێک لە بەشداربووانی گفتوگۆ چوارقۆڵییەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و پاکستانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

