لە 10ی ئابی هەموو ساڵێکدا، جیهان یادێکی جیاواز بە ناوی “ڕۆژی جیهانیی تەمبەڵی” دەکاتەوە. ئەم ڕۆژە وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی و گوشارەکانی کار، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە هەوڵدانی بەردەوام بۆ کارکردنی زیاتر بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.
بیرۆکەی ئەم یادە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984، کاتێک هاووڵاتییەکی کۆلۆمبی بە ناوی کارلۆس ماریو مۆنتۆیا لە شاری “ئیتاگوی” پێشنیازی کرد ڕۆژێک بۆ پشوو و حەوانەوە تەرخان بکرێت. بیرۆکەکە زۆر خێرا پێشوازیی لێ کرا؛ دانیشتووانی شارەکە دۆشەک و جۆلانەکانیان هێنایە سەر شەقام و بە جلی خەوەوە پاڵکەوتن، بە بەرزکردنەوەی دروشمی: “کارکردن هەموو ڕۆژێک نییە لە ژیاندا و پێویستە پشوو بدەین”.
دواتر ئەم دیاردەیە بۆ گەلێک وڵاتی دیکەش گواسترایەوە. خەڵکی بە شێوازی جیاواز بەشداریی تێدا دەکەن، وەک:
کوژاندنەوەی زەنگی مۆبایل و دوورکەوتنەوە لە پەیامی کار.
بەسەربردنی کاتێکی درێژ لە خەوتن یان سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان. ئەنجامنەدانی ئەرکی ناوماڵ و پشتبەستن بە خواردنی ئامادەکراو.
تێڕوانینی ڕاهێنەران و زانست
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە تێگەیشتن لە هۆکاری تەمبەڵی، یەکەم هەنگاوە بۆ ڕێکخستنەوەی ژیان؛ وەرگرتنی پشووی بەسوود لە کەنا دەریا، دیاریکردنی ئامانجی واقیعی، وەرزشکردن، و خواردنی تەندروست.
ڕوانگەی زانستی ئاماژە بەوە دەکات کە دوورکەوتنەوەی کاتی لە کار و بیرکردنەوەی بەردەوام، بوار دەداتە مێشک بۆ ڕێکخستنەوەی زانیارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ ئەو کێشەیانەی لە کاتی جەنجاڵیدا ئاڵۆز دەبن.

