محەمەد بەلداوی، ئەندامی لێژنەی پلاندانانی پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە کە هەفتەی ڕابردوو پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای راژەی تەواو کردووە و بە یەکێک لە گرنگترین ئەو یاسایانەی وەسف کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی حکومی دەکات.
بەلداوی بە “شەفەق نیوز”ی ڕاگەیاند، ئەو هەموارکردنەوانەی پەرلەمان ئەنجامی داون لەگەڵ گەشەسەندنی پەیکەرەی دەوڵەتی عێراق و وەزیفەکاندا دەگونجێن، هەروەها ڕوونی کردەوە کە دەستنیشانکردنی پێناسی وەزیفیی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەخۆ دەگرێت.
ئەوەشی زیادرکرد کە فراوانبوونی دروستکردنی فەرمانگە و بەش و وەزیفە نوێیەکان، پێویستی بە بوونی ناونیشانی وەزیفی هەیە کە لەگەڵ سروشتی کاری فەرمانبەراندا بگونجێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەموارکردنەوەکە ۲۰ ناونیشانی وەزیفیی نوێی زیادرکردووە.
بەلداوی ڕوونی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە ئامادەکردنی یاسایەکی نوێ بۆ راژەی وەزیفی هەیە، کە وەڵامدەری هەموو پێداویستییە وەزیفییەکان بێت و لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی نوێ و گەشەسەندنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڕوات.
پەرلەمان لە ۱۹ی تەممووزی ڕابردوودا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای راژه تەواو کرد، بەپێی بەرنامەش دوای ئەو خوێندنەوەی دووەم ئەنجام دەدرێت بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

