zagros news agency

قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەش بە تۆری میدیایی کوردستان و دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر کرا

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نینۆس نەمروود، بەڕێوەبەری گشتی تۆری میدیایی کوردستان، لە چوارچێوەی بایەخدان بە هونەر و پشتیوانیکردن لە پاراستنی میراتی مێژوویی و نەتەوەیی، سەردانی تۆری میدیایی کوردستانی کرد و بەشداریی لە بەرنامەیەکی تایبەتدا کرد کە بۆ ڕێزلێنان لە تۆری میدیایی کوردستان و دەستخۆشیکردن لە دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر ڕێکخرابوو.

 

رۆژی یەکشەممە،  پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی بۆ تۆری میدیایی کوردستان، کە بەردەوام لە بەرهەمهێنانی کارە ڕەسەنە میدیایی و نیشتیمانییەکاندا دەستپێشخەر بووە، قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەش بە دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر کرد، بە هۆی هەوڵ، ماندووبوون و دڵسۆزییەکەی لە بەرهەمهێنانی هەردوو بەڵگەفیلمی “کوردانی لەبیرکراو” و “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج”، کە بە شێوەیەکی هونەری و زانستی ڕووداوە مێژووییە گرنگەکانی مێژووی کوردستانیان تۆمار و پاراستووە.

 

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بەرهەمانە تەنیا کارێکی هونەری نین، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی، ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پاراستنی یادەوەریی نەتەوەیی، تۆمارکردنی ڕاستییە مێژووییەکان و گواستنەوەی ئەو ڕاستییانە بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە.

 

لە کۆتایی بۆنەکەدا، پارێزگاری هەولێر هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ تۆڕی میدیایی کوردستان و دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر خواست و دووپاتی کردەوە کە پارێزگای هەولێر هەمیشە پشتیوانی لە کارە هونەری، ڕۆشنبیری و کلتوورییە ڕەسەنەکان دەکات، بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی خزمەت بە پاراستنی مێژووی کوردستان، ناسنامەی نەتەوەیی و گواستنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکەن.

 

“کوردانی لەبیرکراو” بەڵگەفیلمێکی مێژووییە، ژیان و چارەنووسی ژمارەیەک لە کوردە لەبیرکراوەکان دەخاتە ڕوو، ئەوانەی لە ماوەی ململانێ و گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا دەنگیان نەگەیشتووە و بە کپکراوی ماونەتەوە. فیلمەکە بە پشتبەستن بە بەڵگە، ئەرشیف، چاوپێکەوتن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، هەوڵ دەدات بەشێک لە ڕاستییە مێژووییەکان بپارێزێت و بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

هاوکات “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج” بەڵگەفیلمێکی مێژوویی و مرۆییە کە بە شێوەیەکی هونەری و کاریگەر، باس لە یەکێک لە قۆناغە تاریکەکانی مێژووی کوردستان دەکات. فیلمەکە بە پشتبەستن بە بەڵگە و شایەتحاڵەکان، ئازار، خۆڕاگری و ئازایەتیی قوربانییەکان دەخاتە بەرچاو و هەوڵ دەدات ڕاستییە مێژووییەکان لە بیر نەچن و وەک بەڵگەیەکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەشی دووەمی “Dune” لە سینەماکانی جیهاندا نمایش دەکرێت

ART

داهاتی “Poor Things” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

سلێمان… ٦٠ تۆن گۆشتی بەستووی خراپبوو هاوردە کراوە

سەڵاح