ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نینۆس نەمروود، بەڕێوەبەری گشتی تۆری میدیایی کوردستان، لە چوارچێوەی بایەخدان بە هونەر و پشتیوانیکردن لە پاراستنی میراتی مێژوویی و نەتەوەیی، سەردانی تۆری میدیایی کوردستانی کرد و بەشداریی لە بەرنامەیەکی تایبەتدا کرد کە بۆ ڕێزلێنان لە تۆری میدیایی کوردستان و دەستخۆشیکردن لە دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر ڕێکخرابوو.
رۆژی یەکشەممە، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی بۆ تۆری میدیایی کوردستان، کە بەردەوام لە بەرهەمهێنانی کارە ڕەسەنە میدیایی و نیشتیمانییەکاندا دەستپێشخەر بووە، قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەش بە دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر کرد، بە هۆی هەوڵ، ماندووبوون و دڵسۆزییەکەی لە بەرهەمهێنانی هەردوو بەڵگەفیلمی “کوردانی لەبیرکراو” و “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج”، کە بە شێوەیەکی هونەری و زانستی ڕووداوە مێژووییە گرنگەکانی مێژووی کوردستانیان تۆمار و پاراستووە.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بەرهەمانە تەنیا کارێکی هونەری نین، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی، ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پاراستنی یادەوەریی نەتەوەیی، تۆمارکردنی ڕاستییە مێژووییەکان و گواستنەوەی ئەو ڕاستییانە بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە.
لە کۆتایی بۆنەکەدا، پارێزگاری هەولێر هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ تۆڕی میدیایی کوردستان و دەرهێنەر محەمەدی حاجی قادر خواست و دووپاتی کردەوە کە پارێزگای هەولێر هەمیشە پشتیوانی لە کارە هونەری، ڕۆشنبیری و کلتوورییە ڕەسەنەکان دەکات، بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی خزمەت بە پاراستنی مێژووی کوردستان، ناسنامەی نەتەوەیی و گواستنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکەن.
“کوردانی لەبیرکراو” بەڵگەفیلمێکی مێژووییە، ژیان و چارەنووسی ژمارەیەک لە کوردە لەبیرکراوەکان دەخاتە ڕوو، ئەوانەی لە ماوەی ململانێ و گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا دەنگیان نەگەیشتووە و بە کپکراوی ماونەتەوە. فیلمەکە بە پشتبەستن بە بەڵگە، ئەرشیف، چاوپێکەوتن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، هەوڵ دەدات بەشێک لە ڕاستییە مێژووییەکان بپارێزێت و بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هاوکات “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج” بەڵگەفیلمێکی مێژوویی و مرۆییە کە بە شێوەیەکی هونەری و کاریگەر، باس لە یەکێک لە قۆناغە تاریکەکانی مێژووی کوردستان دەکات. فیلمەکە بە پشتبەستن بە بەڵگە و شایەتحاڵەکان، ئازار، خۆڕاگری و ئازایەتیی قوربانییەکان دەخاتە بەرچاو و هەوڵ دەدات ڕاستییە مێژووییەکان لە بیر نەچن و وەک بەڵگەیەکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێن.

