zagros news agency

داڕووخانەوەی تۆڕی کارەبا کووبای خستەوە نێو تاریکیی سەرتاسەری

 

کۆمپانیای دەوڵەتیی بەرپرس لە تۆڕی کارەبای کووبا ڕایگەیاند ئەم تۆڕە ئێوارەی یەکشەممە ١١ی گەلاوێژ تووشی داڕووخان بووە و ئەم دوورگەیەی جارێکی دیکە خستووەتە نێو تاریکییەوە. ئەم گرفتە لە وڵاتێکدا کە نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە، لە کاتێکدا ڕووی داوە ماوەیەکی درێژە پچڕانی کارەبا لە کوبا ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئاژانسەکانی هەواڵ نووسیویانە هاوکات لەگەڵ کوژانەوەی لەناکاوی گڵۆپەکان لە سەرتاسەری هاڤانا، دانیشتووانێک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای هاوین لە دەرەوە دانیشتبوون، ناڕەزایەتیی خۆیان بە دەنگی بەرز دەربڕی.
ئەمە نوێترین نموونەیە لە زنجیرە داڕووخانە تەواوەکانی تۆڕی کارەبای ئەم وڵاتە. تەنها ٢٤ کاتژمێر پێش ئەم ڕووداوە، تەواوی بەشی ڕۆژاوای کوبا تووشی پچڕانی کارەبا ببوو. ئەم پچڕانە یەک لە دوای یەکانە ژیانی ئاسایییان لە کووبا نزیکەی مەحاڵ کردووە، چونکە لەگەڵ هەر پچڕانێکدا، ڕۆیشتنی ئاویش بەرەبەرە دەوەستێت و پانکەکانیش لە کار دەکەون. دانیشتووانی ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بە سووتاندنی زبڵ و خاشاک یان کوتانی مەنجەڵ و تاوە ناڕەزایەتیی خۆیان پیشان داوە.
وەزارەتی وزەی کوبا ڕایگەیاند دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵە پێویستەکان بۆ خستنەوەگەڕی تۆڕی کارەبا کردووە. فشار لەسەر تۆڕی کارەبای وڵاتەکە لە کاتێکدا زیادی کردووە کوبا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی هاوردە ڕووبەڕووی گرفتی جددی بووەتەوە. ئەم دۆخە دوای ئەوە خراپتر بوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهۆی گۆڕانکاریی سیاسی لە ڤەنزوێلا و لادانی نیکۆلاس مادۆرۆ، هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەی بۆ کووبا ڕاگرت. ڤەنزوێلا پێشتر یەکێک لە گرنگترین دابینکەرانی نەوتی کوبا بوو.
هاوردەکردنی نەوت لە مەکسیکیش بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا وەستاوە. قەیرانی کارەبا لە کووبا هاوکاتە لەگەڵ کرانەوەیەکی وریایانە لە کەرتی وزەدا کە پێشتر بە تەواوی لە ژێر دەستی حکوومەتدا بوو. هاڤانا بەم دواییانە ڕێگەی بە یەکەم پڕۆژەی هاوردەکردنی سووتەمەنی بە پاڵپشتیی کۆمپانیایەکی بیانی داوە و ڕێگەی بە نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیای کوبایی داوە لە دابەشکردنی سووتەمەنیدا بەشدار بن. واشینگتن تەنها ڕێگەی بە هاتنی یەک کێشتیی نەوتی ڕووسی داوە کە ١٠٠ هەزار تۆن نەوتی خاوی هەڵگرتبوو. ئیدارەی ترەمپ جیا لە گەمارۆی نەوتی، سزاکانی سەر کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی کووبای توندتر کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەزارگەی سەیدە زەینەب لە سووریا دانەخراوە

یاسین

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و گەیشتە ئاستێکی نوێ

سەڵاح

شارەوانیی دهۆک بۆ هاووڵاتییان: بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە سێمێل

سەڵاح