zagros news agency

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا چوار کەس لە شاری کۆڵن بریندار بوون

 

لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە ناوچەی “موڵهایم” لە باکووری شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، چوار کەس بریندار بوون. ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن باری تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. پۆلیسی ئەڵمانیا گوتی شەوی دووشەممە، ٣ی ئاب، لە دەوروبەری سەعات ١٠ لەم ناوچەیەدا لە نێوان چەند کەسێکدا شەڕ و دەماقەقە دروست بووە و پاشان لە نێو شەقام و لە بەرچاوی خەڵکدا تەقە کراوە.
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بەردەوامن. تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە هێرشبەر یان هێرشبەران کێ بوون. هەروەها پۆلیس هێشتا زانیاریی وردی لەبارەی پاڵنەری ئەم تەقەکردنە و ژمارەی ئەو فیشەکانەی تەقێنراون، بڵاو نەکردووەتەوە.
گوتەبێژێکی پۆلیس بەیانیی سێشەممە ڕای گەیاند هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نەماوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو چوار کەسەی لەم ڕووداوەدا بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. پۆلیس ڕای گەیاندووە ئەم کەسانە لە هەمان کاتدا هەم وەک “شایەتحاڵ” و هەم وەک “گومانلێکراو” مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ناوچەی موڵهایم یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کۆڵنە کە بەوە ناسراوە ڕێژەی تاوان و سەرپێچی تێیدا بەرزە. هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی زیاتر. ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە نێو دانیشتووانی ناوچەکەدا، بە تایبەت کە تەقەکردنەکە لە شوێنێکی گشتی و لە کاتێکی پڕ لە هاتووچۆدا ڕووی داوە.
حکوومەتی خۆجێیی کۆڵن ڕای گەیاندووە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی تەناهیی شارەکە چڕتر دەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە سەعاتەکانی داهاتوودا پۆلیس ڕاپۆرتێکی گشتگیرتر لەبارەی ناسنامەی دەستبەسەرکراوان و هۆکاری سەرەکیی پێکدادانەکە بڵاو بکاتەوە. بریندارەکان لە ژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە تا ئەو کاتەی باری تەندروستییان ڕێگە دەدات لێکوڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆژنامەنووسێک: هەولێر، واشنتۆن و پاریس و ڤیەنای مەزڵووم عەبدییە

سەڵاح

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی شەهیدکردنی شوانێکی کورد لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەکات

دڵشاد

سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی جیهانی فرۆشی تۆیۆتا دابەزیوە

ART