شارەزایەکی بواری خۆراک هۆشداری دەدات لە خواردنی شوتی لەگەڵ ناندا، بەهۆی ئەوەی ئەم تێکەڵەیە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی سک، ترشبوونی ناو ڕێخۆڵە، دروستکردنی پەستان لەسەر پەنکریاس و بەرزبوونهوهی ئاستی شەکر لە خوێندا.
دکتۆرە “داریا ڕوساکۆڤا” پسپۆڕی خۆراک ڕایگەیاندووە: خواردنی شوتی لەگەڵ نان مەترسی تەندروستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە تێکەڵەیەکە لە بڕێکی زۆر لە فرەکتۆز (شەکری میوە) و کاربۆهیدرات. ئەم تێکەڵەیەش خاوەنی پێنوێنی گڵایسیمی (Glycemic Index) بەرزە، بۆیە لای ئەو کەسانەی لاوازیی بەرگەگرتنی گلوکۆزیان هەیە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر لە خوێندا.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕی زۆری ڕیشاڵ و کاربۆهیدراتی سادە لەم دوو خۆراکەدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی غازات، هەڵئاوسان و ترشبوونی خۆراک لە ڕێخۆڵەکاندا. هەروەها بەرزبوونەوەی خێرای شەکر پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر پەنکریاس، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە زەمینەی ئەم کێشەیەیان تێدایە.
بەپێی گوتەکانی دکتۆرە داریا، پێویستە ئەم کەسانەی خوارەوە بە تەواوی لە خواردنی شوتی لەگەڵ نان دووربکەونەوە:
• نەخۆشانی شەکرە.
• ئەو کەسانەی کێشەی بەرگریی ئەنسۆلینیان هەیە.
• ئەو کەسانەی لاوازیی بەرگەگرتنی گلوکۆزیان هەیە.
• تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس.
• تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن.
• نەخۆشانی گورچیلە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پزیشکە هۆشدارییدا لە خواردنی شوتی لەگەڵ سۆسی سۆیا (کە دەوڵەمەندە بە سۆدیۆم) و ڕایگەیاند کە ئەم شێوازە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی شلە لە جەستەدا؛ لەبەر ئەوە ڕێنمایی ئەو کەسانە ناکرێت کە تووشی هەڵئاوسانی جەستە (ئۆدیما) یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن ئەم تێکەڵەیە بخۆن.

