لە ئاڵۆزییەکی نوێی یاساییدا لە نێوان دوو ئەکتەری دیاری ئەمریکی، تیمی پارێزەرانی براد پیت داوایان لە دادگە کرد ئەنجلینا جۆلی ناچار بکات بە ڕادەستکردنی بەڵگەنامە داراییەکانی تایبەت بە ساڵانی 2017 تاوەکو 2021.
پارێزەرانی براد پیت ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، تێگەیشتن لە گرێبەستە سینەماییەکانی ئەنجلینا جۆلی، وەک بەشداریکردنی لە فیلمەکانی “Maleficent: Mistress of Evil” و “Eternals” و “Those Who Wish Me Dead”، یارمەتیدەر دەبێت لە روونکردنەوەی بارودۆخی دارایی بەشدار لە بڕیاری فرۆشتنی پشکەکانی لە کۆمپانیای “Nouvel” کە خاوەندارێتی بەشێک لە کارگەی دروستکردنی مەی “Chateau Miraval” دەکات.
لە بەرامبەردا، جۆلی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەنامە زیادەکان دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێشتر بەشێک لە تۆمارە داراییەکانی ڕادەست کردووە و داواکارییەکانی دیکە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی ئەم دۆسیەیەن.
پارێزەرانی جۆلی رایانگەیاند، ئەو زانیارییانەی براد پیت داوایان دەکات پێشتر لە کاتی پرۆسەی جیابوونەوەی فەرمیان لە 2024 ڕادەست کراون. جۆلی لەو بڕوایەدایە کە کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە قەیرانی داراییەوە نییە، بەڵکو تەنیا هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە هاوبەشی دارایی لەگەڵ هاوسەری پێشووی و سەربەخۆبوونی لە رووی دارایی و کەسییەوە.
ئەم ناکۆکییە کە چەندین ساڵە بەردەوامە، ڕەنگدانەوەی کێشە داڕێژراوەکانی نێوانیانە لەبارەی مافی بەکارهێنان و فرۆشتنی ئەو خاوەندارێتییە هاوبەشەی لە فەرەنسا هەیانە.

