zagros news agency

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) دەربڕی

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ماوەی خزمەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) “دوو چەندانە” دەربڕی. ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دراوە.

​بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و  وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی ١٩٩٢، لە ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان. هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا ڕێکەوتی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دیاریکراوە.

​پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ـی مووچەی بنەڕەتیی ١٠ ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی ۳ ملیۆن و ۹۳٦ هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش ملیۆن و ۳۳٦ هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.

​سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

تاران ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بووەتەوە

یاسین

له‌ واشنتۆن فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك كۆ بووه‌وه‌

سەڵاح

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە

سەڵاح