هاوپەیمانانی ئۆکراینا ڕایانگەیاندووە هۆی کەمبوونەوەی ناردنی موشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بۆ ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگریدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر هەیە هۆکاری سیاسی لە پشت ئەم بابەتە بێت. ناوبراو گوتی ڕووسیا بە شێوەیەکی بێبەزەییانە ئەم خاڵە لاوازەی ئۆکراینا بەکار دەهێنێت و خەڵکی سڤیل دەکوژێت.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە پاساوی فەرمیی هاوبەشەکانیانە، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا. ناوبراو گومانی هەیە کە ئەمە تەنها پەیوەندی بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەبێت و پێی وایە ڕەنگە فشارێکی سیاسی بێت بۆ ئەوەی ئۆکراینا لە بەرانبەر ڕووسیادا نەرمتر بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا داواکاریی کیێڤی بۆ وەرگرتنی ٣٠٠ موشەکی پاتریۆت بۆ وەرزی زستان ڕەت کردووەتەوە. ئەم کەمییە وا دەکات ئۆکراینا نەتوانێت لە بەرانبەر موشەکە بالیستییەکانی ڕووسیادا بە باشی بەرگری لە خۆی بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتریش چەندین جار پرسی هاوکارییە سەربازییەکانی وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ئۆکراینا بەکار هێنابوو. زێلێنسکی ڕایگەیاند ژمارەی ئەو موشەکانەی ئەمساڵ پێیان گەیشتووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ یەک لەسەر سێ کەم بووەتەوە. ئۆکراینا جگە لە پاتریۆت، تەنها سیستەمی ئەورووپی “سەمپ/تی” شک دەبات، بەڵام کارشناسان دەڵێن بۆ ئەو سیستەمەش موشەکی پێویست لەبەردەستدا نییە.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ساڵانە ٦٥٠ موشەکی پاتریۆت بەرهەم دەهێنێت و پلانی هەیە توانای بەرهەمهێنانی سێ هێندە زیاد بکات، بەڵام هێشتا پێداویستییەکانی ئۆکراینا دابین نەکراون. زێلێنسکی ڕەخنەی توندی لە ئەورووپییەکانیش گرتووە کە نەیانتوانیوە ئاستی بەرهەمهێنانی موشەکەکانیان بەرز بکەنەوە. ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژێرخانی وزە و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئۆکراینا دروست دەکات، بەتایبەت کە ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی چڕتر کردووەتەوە. ئۆکراینا داوا دەکات هاوپەیمانەکانی پابەندی بەڵێنەکانیان بن و ڕێگە نەدەن ململانێکانی دیکەی جیهان کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرگریی ئەوان دابنێت.
هەواڵی داهاتوو

