فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەی وەزاری سەبارەت بە قودس کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، لە پشتگیریکردن لە دۆزی فەلەستین و مافی گەلی فەلەستین بۆ چارەی خۆنووسین، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوە وەزارییەکەدا تاوتوێی گۆڕانکارییە جوگرافی و دیمۆگرافییەکانی شاری قودسیان کردووە، هەروەها جەخت لەسەر پشتگیری بەردەوامی عێراق بۆ ڕێکخراوی ئۆنروا و ئاوارە فەلەستینییەکان کراوەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا چەندین دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەنجام داوە.
لەسەر ئاستی ناوچەییش، فوئاد حوسێن گوتی: بەشێک لەو چاوپێکەوتنانە تاوتوێی دۆخی گەرووی هورمز و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکەی کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە، سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

