zagros news agency

ڕۆیتەرز: بۆ یەکەمجار ژیریی دەستکردی “جێمینای”ی گووگڵ سێ کۆمپانیای هاک کرد

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، مۆدێلی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای گووگڵ بەناوی “جێمینای” (Gemini)، لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئاسایشی سایبەریدا، توانیویەتی دەستی بگاتە ئینتەرنێت و بە شێوەیەکی سەربەخۆ و خۆکارانە بچێتە ناو سیستەمی سێ کۆمپانیای دیکە و هاکیان بکات. ئەمە وەک یەکەم ڕووداوی لەو شێوەیە لە مێژووی سیستەمەکانی ژیریی دەستکردی گووگڵدا تۆمار دەکرێت.

ڕووداوەکە لە مانگی ئایاردا لە کاتی تاقیکردنەوەیەکدا ڕوویداوە کە لەلایەن کۆمپانیای سەربەخۆی “ئیرێگیولار” (Irregular)ـەوە ئەنجامدراوە، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی تواناکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.

هیزەر ئادکینز، جێگری سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی ئاسایش لە گووگڵ، ڕایگەیاند لە کاتی تاقیکردنەوە ئاساییەکەدا، جێمینای زانیاریی گشتی لەسەر ئینتەرنێت دۆزیوەتەوە و لە ڕێگەی پێشبینیکردنی زانیارییەکانی چوونەژوورەوە، دەستی گەیشتووەتە سێ ماڵپەڕ کە مۆدێلەکە پێی وابووە ئەو ماڵپەڕانەش لە چوارچێوەی سنووری تاقیکردنەوەکەیدان.

ئادکینز ئاماژەی بەوەش کرد: «ئێمە دەستبەجێ ئەو سێ کۆمپانیایەمان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە و لەگەڵ هاوبەشەکەمان کارمان کرد بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکانیاندا. ئەم جۆرە ڕووداوانە جەخت لە گرنگیی مەشقپێکردنی بەرپرسیارانەی مۆدێلە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد دەکەنەوە.» هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە جێمینای دوای چوونەژوورەوە، دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانی هێناوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” کە یەکەم جار هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا جێمینای بەردەوام بووە لە پێشبینیکردنی وشەی نهێنی (Passwords) تا توانیویەتی دزە بکاتە ناو سیستەمێکی پارێزراو. لە دوو حاڵەتەکەی دیکەشدا، مۆدێلەکە زانیارییەکانی چوونەژوورەوەی لە بنکەدراوەیەکی گشتیدا لەسەر ئینتەرنێت دۆزیوەتەوە و لەو ڕێگەیەوە دەستی بە سیستەمەکان گەیشتووە.

وتەبێژی کۆمپانیای “ئیرێگیولار” ڕایگەیاندووە کە کێشەی هاوشێوە لەگەڵ مۆدێلەکانی کۆمپانیاکانی دیکەی وەک مێتا (Meta)، ئانسرۆپیک (Anthropic) و ئۆپن ئەی ئای (OpenAI)ـیش ڕوویداوە، و تەواوی کێشەکان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر چارەسەر کراون.

ئەم ڕووداوە لە ناوەندە تەکنەلۆژییەکاندا نیگەرانی و پرسیاری زۆری دروستکردووە سەبارەت بە پێویستیی دانانی سنوور و ڕێوشوێنی توندتر بۆ ژیریی دەستکرد، لە کاتێکدا ئەو سیستەمانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵات و سەربەخۆیی زیاتریان لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سیستەمە کۆمپیوتەرییەکاندا پێدەدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

حەفیز دەڕاجی بێژەری بەناوبانگی تۆپی پێی پیرۆزبایی لە هاندەرانی زاخۆ دەکات

یاسین

بەرگریی شارستانی سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح