ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2026، “قاسم ئەلعەبودی” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فیدراڵ لەگەڵ “فارس عیسا” سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمەکانی پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرد، بە شێوەیەک بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە.
هەروەها باسیان لە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا، دیارترینیان بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری ئەمنی نێوان بەغدا و هەولێر، بەردەوامی هەماهەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان، هەروەها
جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان.
“عیسا”جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان دامودەزگا فیدراڵییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە هاوبەشی نیشتمانی بەهێز دەکات و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکات.
لە بەرامبەردا “قاسم ئەلعەبودی” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا کردەوە.
ئەم دیدارانە لە سەر ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پتەوکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی فیدراڵی، بەمەبەستی چەسپاندنی هاوکاری هاوبەش و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمایەتی.

