مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلجەزیرە)ـی قەتەری، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان کردەوە.
پاراستنی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەیە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی ناوچەیی و ئاماژەی بەوە کرد، هیچ لایەنێک گوشاری نەخستووەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ تێوەگلان لە جەنگ. گوتیشی: “کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە هەر ئاڵۆزییەک.”
پاڵپشتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە عێراق
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی عێراق، مەسرور بارزانی پاڵپشتی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ دووپات کردەوە، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنیا لە دەست هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان
سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو هێرشانە یان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراون، یان لە ناوخۆی عێراقەوە و لە ڕێگەی چەند گرووپێکی چەکدارەوە ئەنجامدراون.
ڕەتکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و بوونی هێزی ئەمریکا
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە تەنیا لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵییە. هاوکات، دەنگۆکانی هەبوونی سەربازانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی “هەریر” ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: “بنکەکە ماوەی ١٠ ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکای تێدا نییە.”
پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ (ئەلجەزیرە)، مەسرور بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد. پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریای بە “باش و بەرەو پێشچوو” وەسف کرد، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکی “زۆر باش” دایە و هەماهەنگییەکانیان لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.

