ئەکتەری ئەمریکی ماهرشالا عەلی بە لێدوانە راشکاوانەکانی لەبارەی راستیی پیشەسازیی سینەما لە هۆڵیوود مشتومڕێکی زۆری نایەوە.
عەلی جەختی لەوە کردەوە، بردنەوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار نەبووەتە گەرەنتی بۆ بەدەستهێنانی رۆڵی نوێ، زۆربەی ئەو پرۆژە سینەماییانەی رەزامەندیی بەرهەمهێنانیان پێدەدرێت کارەکتەری گونجاویان بۆ ئەو تێدا نییە.
هەروەها روونیکردەوە، خەڵاتە گەورەکان بەردەوام بە مانای بوونی دەرفەتی کار نین بۆ ئەکتەرەکان، چونکە کێشە سەرەکییەکە لە کەمیی دەق و رۆڵی باشتردایە بە بەراورد بە ژمارەی هونەرمەندە بەهرەمەندەکان.
لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی “7PM in Brooklyn”، ماهرشالا عەلی گوتی، تەنانەت ئەگەر 17 خەڵاتی ئۆسکاریش ببەیتەوە، ئەگەر کەسێک نەبێت رۆڵێکی گونجاوت بۆ بنووسێت، ئەوا وەک هەمووان چاوەڕێ دەکەیت و بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێیت.
ئەو ئەکتەرە کە پێشتر خەڵاتی ئۆسکاری بۆ فیلمەکانی “Moonlight” و “Green Book” بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەوەشدا، هەنگاونانی ئەکتەران بەرەو بەرهەمهێنانی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان ئاسان نییە و پەرەپێدانی هەر پرۆژەیەک لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵی پێدەچێت.

