ئاشکراکردنی هەواڵەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس فێرناندۆ پۆلۆوە نیشی دەدات کە پەیوەندیکردنی ڕۆدریی ناوەندکاری ئیسپانی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بووەتە سەرئێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ڕیال مەدرید.
پێرێز کە پێشتر دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان، هێنانی خۆسێ مۆرینیۆی ڕاهێنەر و واژۆکردنی چەندین گرێبەستی گەورە لە دۆخێکی ئاسوودەدا بوو، ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار بووەتەوە.
هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ سستیی کارگێڕیی یانەکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ڕۆدریدا بەهۆی نەبوونی بەهای بازاڕگەری وەک مباپێ و ڤینیسیۆس، ئەمەش وایکرد یانەی بەرشەلۆنە کێبڕکێکە بە خێرایی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
لە ئێستاشدا هاندەرانی مێرەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە توندی ڕەخنە لە کارگێڕی دەگرن و پرسیاری ئەوە دەکەن چۆن یانەکە لێهاتوویی یاریزانێکی لەو شێوەیەی لەدەستدا کە چارەسەری سەرەکی بوو بۆ ڕێکخستنی یاریی هێڵی ناوەڕاست و بەستنەوەی هێڵەکان بەیەکەوە.
ئەم شکستە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا ململانێیەکی قورس لە ناوخۆی یانەی مەدرید دروست دەکات و ئەگەری هەیە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی یانەکە هەبێت.

